هەڵەبجەییەکان حەز بە شوقە ناکەن
+964
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
لەگەڵ ئەوەی نۆ ساڵە بووە بە پارێزگا، تا ئێستا تەنیا یەک پڕۆژەی وەبەرهێنانی خانوبەرە لەو شارە دروستکراوە کە شوقە نییە بەڵکو خانووە. دەستەی وەبەرهێنانیش دەڵێ: دانیشتووانی هەڵەبجە حەزیان لە ژیانی ناو شوقە نییە.
بە پێی سۆراغی +964 تا ئێستا تەنیا یەک پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە پارێزگای هەڵەبجە دروست کراوە، کە ئەویش هەزارو 976 خانووە، هیچ پڕۆژەیەکی شوقە لەو شارە نییە.
زانیار حەمەنووری، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی هەڵەبجە بە +964ـی وت “ژیانی کۆمەڵایەتیی پارێزگاکە وایە دانیشتووانەکەی حەزیان لە ژیانی ناو شوقەدا نییە”.
دەشڵێت: لە پارێزگای هەڵەبجە قەیرانی نیشتەجێبوون بوونی نییە، چونکە بەهۆی بێکاری و پەراوێزبوونی هەڵەبجەوە، لە هەڵەبجە کۆچی زۆر دەکرێت و دانیشتووانەکەی شارەکە جێدەهێڵن، بۆیە قەیرانی نیشتەجێبوون دروست نەبووە.
لەو 20 هەزار یەکەیەی کرێنشینان، کە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە لە سەرتاسەری هەرێم بۆ کرێنشینان دروست دەکرێت، 444 یەکەی بەر پارێزگای هەڵەبجە دەکەوێت.
بەپێی زانیارییەکانی +964، لە هەڵەبجە زیاتر لە 900 کەس داواکاری بۆ ئەو 444 شوقەیە پێشکەش کردووە.