کێشەی وێستگە نوێکەی کارەبای گەرمیان چارەسەر دەکرێت
964+
هونەر فارس – گەرمیان
بە رێککەوتنی هەرسێ بەڕێوەبەرایەتی کارەبا و کشتوکاڵ و سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان، کێشەی وێستگە نوێکەی دابەشکردنی کارەبای گەرمیان چارەسەر دەکرێت، کە پێنج مانگە بەردەوامە.
لە 16ی ئابی ساڵی 2022 گرێبەستی دروستکردنی وێستگەیەکی کارەبای 132کەیڤی لەگەڵ کۆمپانیای ‘جەنەت الفیردوس’ لە شاری کەلار واژۆ کراوە.
964+ دەزانێت؛ بەهۆی نزیکیی شوێنی دیاریکراوی وێستگەکە لە زانکۆی گەرمیان سەرۆکایەتیی زانکۆ لاریی لە دروستکردنی وێستگەکە هەبوو، بۆیە پێنج مانگە دواکەوتووە.
ئالان ئەرکان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای گەرمیان بۆ 964+ـی وت: هەشت ساڵە چاوەڕێی دروستکردنی ئەو وێستگەیەین. “کێشەی ئەو پڕۆژە نیشتەجێبوونانەی پشتی شەقامی شەست مەتریی کەلار چارەسەر دەکات.”
بەدواداچووکانی 964+ دەری خست، زەویی پڕۆژەکە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی گەرمیانە.
“ئەمە سێیەم جارە شوێنی پڕۆژەکە دەگۆڕدرێت، ئێمە ڕەزامەندیی سەرجەم لایەنەکانمان وەرگرتووە جگە لە زانکۆی گەرمیان کە لاریان لە نزیکی پرۆژەکە لەحەرەمی زانکۆ هەیە”، شادییە حسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان وای بە 964+ وت.
بەڵام ئێستا زانکۆی گەرمیان بە دوورخستنەوەی شوێنی وێستگەکە رەزامەند بووە.
د. فەرهاد قادر، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بۆ 964+ـی روون کردەوە، ئێستا رێککەوتووین لەسەر ئەوەی شوێنی وێستگەکە کەمێک لە زانکۆی گەرمیان دوور بخرێتەوە.
وێستگەکە دەبێتە دووەم وێستگەی دابەشکردنی کارەبا لە گەرمیان و لە ئێستادا پارەی تەواو بۆ پڕۆژەکە تەرخان کراوە، کە بڕی 18ملیار دینارە و وا بڕیارە لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا وێستگەکە تەواو بکرێت.