شەش تیم لە شوێنی رووداوەکە بوون
ئاگر لە شوقەیەکی ئیمپایەر کەوتەوە
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
کاتژمێر 9:21ی ئەمشەو ئاگر لە نهۆمی سێیەمی شوقەی A تاوەری رۆیاڵ لە ئیمپایەر کەوتەوە و تیمەکانی بەرگری شارستانی ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد.
کاروان میراودەلی وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە 964ی وت، ئاگر لە مەتبەخی ماڵێک کەوتوەتەوە و دواتر ئاگرەکە ژوورێکی دیکەی گرتووە، سێ تیمی بەرگری شارستانی لە شوێنی ئاگرە ئامادەبوون دوو تیمی پاڵپشتی و تیمێکی دیکەی بەهاناوەچوون هاتوون، توانرا لەماوەی 45 خولەک ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.
وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ئەوەشی وت، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، تەنیا زیانێکی زۆر بەر ئەو ماڵە کەوتووە و ئاگرە نەپەڕیوەتەوە بۆ ماڵەکانی تەنیشتیان.
ئەوەی تێبینی کراوە جگە لەو شەش تیمەی لە شوێنی رووداوەکە بوون، ئەمبۆڵانسیش لەوێ ئامادەبوون.
سەبارەت بەدیاریکردنی زیانەکان کاروان میراودەلی دەڵێت، تا بەیانی لیژنەی هونەری بڕیار نەدات ناتوانین هۆکارەکە بخەینەڕوو.