964+
باسی پێکهاتەکان دەکات
دەستەی مافی مرۆڤ: نیگەرانین لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی
964+
ژووری هەواڵ
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ نیگەرانی خۆی لەدژی ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی عێراق دەردەبڕێت کە داوای هەڵوەشانەوەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان دەکات و دەڵێت، لە پسپۆڕی ئەو دادگایە نییە هەمواری مادە و بڕگەکانی یاسا بکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22.2.2024، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، “نیگەرانین” لەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی بەرامبەر پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان.
“مافی بەشداری سیاسی لە پەرلەمان و ئەنجومەنە خۆجێیەکان و دام و دەزگاکانی تری دەوڵەت مافێکی چەسپێنراوە بەپێی دەستوری عێراقی و نمونەیەکی جوانە لە هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە ساڵی 1992ـوە تا خولی پێنجەم”، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ وا دەڵێت.
محەمەد گۆمەشینی، وتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە 964ـی راگەیاند، دادگای فیدراڵی بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن پشت بە بڕیاری ژمارە 53ـی ئیتحادی 2023 و 26ـی ئیتحادی 2020 دەبەستێت، دەستەکەش دەڵێت، ئەوە لە پسپۆڕی ئەو دادگایە نییە هەمواری مادە و بڕگەکانی یاسا بکات.
964 هەوڵیدا پەیوەندی بە سەرۆکی دەستەکەوە بکات، بەڵام پەیوەندییەکان بێ وەڵام بوون.
“دەستووری عێراق بەڕوونی جەخت لەسەر پێویستی رەچاوکردنی نوێنەرایەتیکردنی پێکهاتەکانی عێراق لە پەرلەمان دەکاتەوە، بەڵام دادگای فیدراڵی ئەو پشکەی هەڵوەشاندەوە”، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ وا دەڵێت.