وەزارەتی پەروەردە کتێب بۆ نوسەران چاپ دەکات
+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان دەستپێشخەرییەك بۆ نوسەران دەخاتەڕوو، بەوەی ئامادەن کتێبیان بۆ چاپ بکەن.
بەپێی دەستپێشخەرییەكە هەر نوسەرێك ئەگەر پێنج مەرجی تێدابێت 500 ژمارەی بۆ چاپدەكرێت، بەبێ ئەوەی هیچ پارەیەكی لێوەربگیرێت، سەرجەم كتێبەكانیش دەدرێتەوە بە خاوەنەكەی.
مەرجەكانی وەزارەتی پەروەردە ئەمانەن:
یەكەم: دەبێت كتێبەكە خزمەت بە بیر و هزری نیشتیمان و نەتەوەیی بكات.
دووەم: پێویستە كتێبەكە خزمەت بە زمانی كوردی بكات.
سێیەم: دەبێت كتێبەكە خزمەت بە بواری پەروەردە بكات.
چوارەم: دەبێت كتێبەكە خزمەت بە پێكەوەژیان بكات.
پێنجەم: دەبێت كتێبەكە خزمەت بە ژینگە بكات.
دەبێت نوسەر ژمارەی سپاردنی لە وەزارەتی رۆشنبیری وەرگرتبێت و دیزاین كرابێت.
جەبار جەمال غەریب، راوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە راسپێردراوە بۆ سەرپەرشتی و قبوڵكردنی كتێبەكان و ناردنیان بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە.
وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، كتێبەكە بەخۆڕایی چاپ دەكرێت، نوسەر ئازادە لەوەی كتێبەكەی دەفرۆشێت یان بە دیاری دەیبەخشێت.
سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان بە +964ی وت، لە ئەمڕۆوە دەستكراوە بە وەرگرتنی بەرهەمەكان و چاوەڕێی بەرهەمی نوسەرانن.
بە قسەی سیوەیلی، دیار نییە چەند كتێب چاپدەكرێت، بەڵام هەر كتێبێك ئەو مەرجانەی تێدابێت، ئەوا بۆی چاپدەكرێت.