زیاتر لە چوار هەزار فۆرمیان پڕکردووەتەوە

دەرگای دامەزراندن لە خورماتوو کرایەوە

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

لە چوارچێوەی دامەزراندنی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڕی شەش هەزار بەشی دامەزراندن بەشێوەی گرێبەست درایە دەرچووانی پارێزگای سەڵاحەدین لەو رێژەیەش بڕی 556 بەشی دامەزراندن درایە هەر سێ نەتەوەکەی قەزای دوزخورماتوو.

بۆ ئەو مەبەستەش هەفتەی پێشوو لیژنەیەک لەپەروەردەی دوزخورماتوو بۆ ماوەی هەفتەیەک دانرا بۆ پێشوازی لەدەرچووانی سنوورەکەو کۆکردنەوی فۆرمەکانیان.

لە ماوەی هەفتەیەکدا 4 هەزار و 273 دەرچوی زانکۆ و پەیمانگا لەسنوورەکە فۆرمیان پێشکەش بە پەروەردە کردووە، بڕیارە لەو ژمارەیە 556 دەرچوو بکرێنە مامۆستای گرێبەست لە خوێندنگاکان و دابمەزرێن.

ریاز عەلی بەڕێوەبەری بەشی عەرەبی لە پەروەردەی دوزخورماتوو بە 964ـی وت، هەفتەی پێشوو فۆرمی سەرجەم دەرچوانی سنوورەکەیان وەرگرتووە و لەئێستاشدا سەرقاڵی جیاکردنەوە و رێکارەکانن و بەشێوەی ئەلیکترۆنی ناوەکان بەرزدەکرێنەوە بۆ بەشی پەروەردەی سەڵاحەدین، پاشان لیژنەکە هەڵسەنگاندیان بۆ دەکات و ئەوانەی کە شایستەی دامەزراندنن و ناوە وەرگیراوەکان بە لیستێک بڵاو دەکرێنەوە.

وتیشی، ماوەی جیاکردنەوەی ناوەکان دوو بۆ سێ مانگی دەوێت و پاشان ناوی وەرگیراوان بڵاو دەکرێنەوە بەپێی نمرە و ساڵەکانی دەرچوونیان، ئەوانەشی کە خاوەن شەهید و کەمئەندامن چانسیان زیاترە، وەک فەرمانبەر یان مامۆستا لە سنووری قەزاکەدا دابمەزرێن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

دوزخورماتوو 556 پلەی دامەزراندنی بەشێوەی گرێبەست پێدرا

دوزخورماتوو 556 پلەی دامەزراندنی بەشێوەی گرێبەست پێدرا