سوود لە بەفر وەردەگرن
بەشێوازێکی جیاواز راهێنان دەکەن
964+
میدیا گۆران
یاریزانانی کۆنگفۆ شاولین بە شێوازێک راهێنانەکانیان دەکەن کە هیچ وەرزێک و کەش و هەوا هەرچۆن بێت نایانوەستێنێت.
رێکار ئەبوبەکر راهێنەر و سەرپەرشتیاری فێرگەی تایبەت بە هونەری کۆنگفۆ شاولین لە سلێمانی بە 964ـی وت، “ماوەی سێ ساڵە ئەم قوتابخانەیەمان دامەزراندووە، خۆم و خاتوو سێوەی خێزانم راهێنان بە یاریزانان دەکەین، من نزیکەی 16 ساڵە لەم بوارە کار دەکەم سێوەش 7 ساڵە راهێنەرە”.
وتیشی: یاریزانمان هەیە تەمەنی 4 ساڵە تا 50 ساڵیش وەردەگرین، گروپەکانمان جیاوازن ژنان بە جیا و پیاوان و منداڵانیش بەجیا راهێنان دەکەن، ئێمە سوود لە هەموو وەرزەکان وەردەگرین و هیچ وەرزێک ئێمە ناوەستێنێت لە زستاناندا لەناو بەفر و سەرما راهێنان دەکەین، هاوینانیش لەژێر خۆردا راهێنان دەکەین.
سەبارەت بە سوودەکانی مەشق و راهێنان لەناو بەفردا وتی، سوودەکانی زۆرن بەرچاوترینیان، هاوسەنگی جەستەت رادەگرێت و بەرگری جەستە بەهێز دەکات دەتوانی بەرگەی هەموو دۆخێک بگریت، دڵ تەندروستر دەکات، کێش زووتر دادەبەزێنێت.
راهێنانەکانی کۆنگفۆ شاولین بەشێوازی خول بەڕێوە ناچێت، بەڵکو راهێنانی بەردەوامن و هەموو کەسێک دەتوانێت بە 35 هەزار لە مانگێکدا لەگەڵیان بەشداربێت.