30 ساڵ زیاترە فافۆن دەفرۆشێت

+964
مه‌ریەم ئەحمەد- هەولێر

ئیسماعیل حەسەن هاوڵاتییەكی دانیشتووی گەڕەكی سێتاقانی هەولێرە، 32 ساڵە فافۆن و مس  دەفرۆشێت و بژێوی خێزانەكەی پەیدا دەكات.

لە دوكانەكەیدا سەرقاڵی جیاكردنەوەی مس و فافۆن بوو، كاتێك سەردانمان كرد، دڵی بە كارەكەی زۆر خۆشە و دەیەوێت بەردەوام بێت.

ئیسماعیل حەسەن بەتەمەنترین مس و فافۆنفرۆشی ناو گوزەرەكەیه‌تی، كە ژمارەیان نزیكەی سەد دوكانی فرۆشتنی مس و فافۆنە لە گه‌ڕه‌كی سێتاقان.

ئه‌و لە دوكانەكەیدا بە گونیه‌ی گەورە فافۆن و مسی كۆكردووه‌ته‌وه‌ و بە ته‌رازوو كێشراون و بۆ فرۆشتن ئامادەن.

ئێستا مس لە بازاڕەكانی كوردستاندا، كیلۆی بە 10 هەزار دینارە، بەڵام پێش پرۆسەی ئازادی عێراق، كیلۆیەك مسی خاوێن بە 70 دیناری سویسری بوو.

مام ئیسماعیل، بەیانیان كاتژمێر شەش دوكانەكەی دەكاتەوە و ئێوارە درەنگ دەچێتەوە نێو دوكانەكەی، هەموو رۆژێك سەرقاڵی كڕین و فرۆشتنی مس و فافۆنە.

ئێستا فافۆن لە بازارەكانی كوردستاندا كیلۆی بە دوو هەزار دینارە، لە 10ساڵی رابردووشدا زۆربه‌ی كات نرخەكەی دابەزیوە، پێشتر بە 15 دیناری عێراقی بوو.

فرۆشتنی مس و فافۆن لە كوردستاندا تەنیا دوكاندارەكان نایكەن، بەڵكو هەندێك كەس بە دەستفرۆشیش لە كۆڵانەكاندا ئەو كارە دەكەن.