شۆفێرەکەی چی لێهاتووە؟

تانکەرێکی سووتەمەنی گڕی گرت

964+
زەید کۆچەر

ئه‌مشه‌و تانکەرێکی سووتەمەنی له‌ رێگای نێوان شێخان – كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌هه‌ت ئاگری گرت و به‌ پێی زانیارییه‌كانیش شۆفێره‌كه‌ی بریندارە.

بە پێی زانیارییەکان، تانكه‌رێك نەوتی خاوی بارکردبوو، ویستوویەتی لە زاخۆ بیباتە هەولێر، بەڵام لە رێگادا تایەی پێشەوەی ته‌قیوه‌ و وه‌رگه‌ڕاوه‌، دواتر گڕی گرتووه‌.

بە پێی زانیارییه‌كانی 964 شۆفیرەکە خەڵکی بەردەرەشە و لە کاتی وەرگەڕان و گڕگرتنی بارهەڵگرەکەی، خۆی فڕێداوە و ژیانی خۆی له‌ مردن رزگار كردووه‌.

دڵشاد محه‌مه‌د، بەرپرسی راگەیاندنی هاتوچۆی شێخان بە 964ی وت، رووداوه‌كه‌ ئەمشەو رووی دا و ئێستا پۆلیسی هاتوچۆ و به‌رگریی شارستانی له‌ شوێنی رووداوه‌كه‌ن و خه‌ریكی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە و لێكۆڵینه‌وه‌ن.

وتیشی، بەهۆی ئاگرەکەوە سایدی دهۆک – هەولێر داخرا و تا ئیستاش داخراوە، بەهۆی ئەوەی نەوتەکە زۆر رژاوە لەسەر رێگاكه‌ و مەترسی ئەوە هەیە رووداوی زیاتر دروست بیت.

سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی شێخان بە 964ی وت، شۆفێرەکە تەندروستی باشە و تەنیا رانی شکاوە و ئێستا لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت.

بە پێی زانیارییانه‌ی 964 له‌ كه‌سانی نزیكی رووداوه‌كه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، شۆفێری تانکەرەکە قاچی شکاوە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا