ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەکەی دەکرێت
پڕۆژە گەشتیارییەکەی سەرچنار هەنگاوی نوێ دەنێت
964+
پێشەوا محەمەد
وا بڕیارە هەموو ئاسانکارییەک بۆ ئەو پڕۆژە گەشتیارییە گەورەیە بکرێت، کە لە سەرچناری سلێمانی دروست دەکرێت، ئەوە قسەی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانییە بۆ 964.
بە پێی پلانی ئامادەکراوی پڕۆژەکە، دەروازەیەک لای هۆتێل ئەبوسەنا لە بەشی رۆژهەڵاتی سەرچنارەوە دادەندرێت و هەتا کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی دەکرێت بە یەک پڕۆژەی گەورەی گەشتیاری.
دەستەی گەشتوگوزاری سلێمانی لە بەرنامەیدایە بە زۆرکردنی سەوزایی، رێکخستنەوە و کردنەوەی پێویستییەکانی گەشتیاری لە پرۆژەکەدا وابکات، هەرکەس چووە سەرچنارەوە هەستی ئەوەی هەبێت لە پڕۆژەیەکی تەواو گەشتیاریدایە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 18.2.2024 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانیی کردووە و رایسپاردوون هەرچی ئاسانکاری هەیە بیکەن، تا وەبەرهێن وەریبگرێت و جێبەجێ بکرێت.
ئارام شوانی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە بە 964ـی وت، “پڕۆژەکە هەموو کارەکانی تەواوکراون لە دیزاین و پڕپۆزەڵ و هەمووی نێردراوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بۆ رەزامەندیدان”.
دەشڵێت، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم رایگەیاند، بۆ ئەو پڕۆژەیە بارگرانی بۆ کەس دروستنەکرێت و پڕۆژەکە بە کەمترین رۆتیناتدا بڕوات و هەرچی زووە بدرێت بە کۆمپانیا و وەبەرهێن بۆ جێبەجێکردنی.