لە ریزبەندی چوارەمە
زاخۆ سێ خاڵی لە ئەمانەی بەغدا وەرگرت
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
لە چوارچێوەی گەڕی 14ی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ یانەی زاخۆ میوانداری یانەی ئەمانە بەغداد کرد و بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر زاخۆ توانی سێ خاڵ بەدەست بهێنیت.
نیوەی یەکەمی یاریەکە هەردوو یانەکە هیچ مەترسییەکیان لەسەر گۆڵی یەکتر دروست نەکرد، بەڵام لە گێمی دووەمدا راهێنەری هەردوو یانە گۆڕانکاری زۆریان ئەنجامدا، لەخولەکی 96 ناوبژیوانی یاریەکە لێدانێکی سزای بۆ یانەی زاخۆ هەژمارکرد، یاریزان دیونی ریباس توانی گوڵ بۆ زاخۆ تۆماربکات و یاریەکە بەو ئەنجامە کوتایی هات.
ویسام تالیب، راهێنەری یانەی ئەمانەی بەغداد لەگەڵ ناوبژیوان رووبەڕووی یەک بوونەوە و کارتێکی سووری وەرگرت، بە 964ی وت، “هەژمارکردنی ئەو سزایە راست نەبوو، ناوبژیوان ستەمی لێمان کرد”.
دوای بردنەوەیان تەها زاخۆلی، سەرپەرشتیاری یانەی زاخۆ بۆ 964 قسەیکرد وتی، “سوپاسی خوا و جەماوەر و یاریزانەکانمان دەکەم، هەرچەندە ئاستێکی باشمان پێشکەش نەکرد، بەڵام سەرکەوتن مافی ئێمە بوو، هیچ ستەمێک لە ئەمانەی بەغدا نەکراوە”.
یانەی زاخۆ ئێستا بەکۆکردنەوەی 22 خاڵ بەشێوەیەکی کاتی لەریزبەندی چوارەمە لەخولی ئەستێرەکانی عێراق.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی