سێ جار چاپ کراوەتەوە

لە ئێران رێگری لە شانۆنامەیەکی بەختیار عەلی دەکرێت بخرێتە سەر شانۆ

964+

پێشەوا محەمەد

لە ئێران رێگری دەکرێت شانۆنامەی “بۆ دۆزەخ ئەی بێگوناهان”ـی نووسەری کورد بەختیار عەلی بخرێتە سەر شانۆ، وەرگێڕەکەی دەڵێت چەندان جار هەوڵدراوە و رێگە نادەن.

شانۆنامەکە لە وڵاتی ئێران بە زمانی فارسی سێ جار چاپ کراوەتەوە، بەر لە چاپبوونیشی چەند دەرهێنەرێک هەوڵیانداوە بیکەن بە شانۆ، بەڵام رێگایان پێنەدراوە.

مەریوان هەڵەبجەیی، وەرگێڕی شانۆنامەکە بۆ سەر زمانی فارسی بە 964ـی راگەیاند، پێیان وتراوە کتێبەکە رەخنەیە لە دین و ناوەڕۆکەکەی ئایینی بە هێزی مانەوەی دەسەڵاتی فاشیزمی داناوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

وتیشی، “دەرهێنەرەکان زۆر گۆڕانکارییان تێدا کرد، تەنانەت یەکێکیان ئەو مەلایەی لە دەقەکە دەرهێنا، یەکێکی دییان رووپۆشێکی پیاوێکی رۆحانیی ئەورووپیی بە بەردا کرد، بەڵام واییش رەزامەندی نەدراوە ئەو شانۆنامەیە بخرێتە سەر تەختەی شانۆ”.

لە شانۆنامەی “بۆ دۆزەخ ئەی بێگوناهان”ـدا، مستەفا رێبەر فەرمانبەرێکی ئاساییە لە کتێبخانەی گشتی، لە کاتێکدا لە دەوامی رۆژانەی خۆی دێتەدەرێ،

لە لایەن دەزگایەکەوە دەگیرێت و دەبرێتە زیندان. تاوانی ئەم فەرمانبەرە بچووکە ئەوەیە هیچ هەستێکی بە گونا‌هـ نییە، هەستدەکات شێوازی ژیانی جۆرێک بووە دەتوانێت خۆی پاک و بێتاوان ببینێت، بەڵام پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: ئایا لە دونیایەکی پڕ لە تاوان و خراپەدا کەس بۆی هەیە باس لە بێگوناهی بکات؟ ئایا هەر مرۆڤە و بە ئەندازەی خۆی بەشێک لە گوناهی ئەم بارودۆخە دژوارەی کۆمەڵگا و جیهان هەڵناگرێت؟

شانۆنانەمەکە لە 18 دیمەندا چیرۆکی مستەفا رێبەر دەگێڕێتەوە، کە بە هەموو رێگایەک دەیەوێت بەرگری لە بێگوناهی خۆی بکات.

بەختیار عەلی سەبارەت بە وەرگرتنی خەڵاتی هیڵدا دۆمین بۆ...

بەختیار عەلی سەبارەت بە وەرگرتنی خەڵاتی هیڵدا دۆمین بۆ 964 دەدوێت