دیمەنێکی شاری جوانڕۆ - وێنە: ئاژانسەکان
یاریی نێوان ئێران و قەتەڕ هۆکار بووە
10 منداڵ لە شاری جوانڕۆی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر کراون
964+
پێشەوا محەمەد
بەهۆی ئەوەی خۆشحاڵیی خۆیان بەرامبەر دۆڕانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران دەربڕیوە بەرامبەر بە قەتەڕ، 10 منداڵی شاری جوانڕۆی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر کراون، ئەوە بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو.
رۆژی حەوتی ئەم مانگە، هەڵبژاردەی تیپی تۆپی ئێران و قەتەڕ لە قۆناغی پێش کۆتایی جامی ئاسیا بەریەککەووتن و لە ئەنجامدا قەتەڕ بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لە ئێرانی بردەوە.
بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کە چاودێریی رەوشی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، دوێنێ منداڵێکی تەمەن 16 ساڵ لە شاری جوانڕۆ دەستگیر کراوە بەناوی محەمەد مەحمودی، “کە لە شوێنی کارەکەی هەڵیانکوتاوەتە سەری و بردوویانە”.
هەنگاو دەڵێت، کەسێکی بنەماڵەکەی پێیوتوون زۆر ئازاریانداوە و تا ئێستاش بێسەروشوێنە.
بەدواداچوونەکانی رێخکراوەکە دەریخستووە، لەو رۆژەوەی یارییەکەی تێدا ئەنجام دراوە تا ئێستا 10 منداڵ لە شاری جوانڕۆ دەستگیر کراون، کە ئاهەنگ و خۆشییان بۆ دۆڕانی هەڵبژاردەی ئێران بەرامبەر قەتەڕ ئەنجام داوە.
“هێزە ئەمنییەکان بە راستەوخۆیی بە کەسوکاری ئەو منداڵانەیان وتووە، کە هۆکاری دەستگیرکردنیان ئەو خۆشی و ئاهەنگەیان بووە کە دوای دۆڕانی هەڵبژاردەی ئێران سازیان کردووە”، راگەیەندراوەکەی رێکخراوی هەنگاو وادەڵێت.