"زۆرکەس پێی ناکڕدرێت"
بامێکەی بەسرە لە سلێمانی کیلۆی بە 45 هەزار دینارە
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
نۆبەرەی بامێی بەسرە هاتووەتە سلێمانی، بەڵام هەموو کەس بۆی ناکڕدرێت چونکە گرانە و کیلۆی بە 45 هەزار دینارە.
رێبەر قادر، خاوەنی جیهانی میوەی مەحوی لە شاری سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، لە دوێنێوە یەکەم وەجبەی بامێی بەسرەیان هێناوە و کیلۆی بە 45 هەزار دینار دەفرۆشن.
وتیشی، “ئەو بامێیە لە عەلوەکان نییە، بەڵکو بەتایبەتی خۆمان پەیوەندیمان هەیە و داوامان کردووە و بۆمان هاتووە”.
بەپێی بەدواداچوونەکانی 964، تا ئێستا بامێی عێراقی لەناو بازاڕی سلێمانی دەست ناکەوێت و ئەوەی هەیە بامێی ئێرانییە، کە کیلۆی لە نێوان پێنج بۆ شەش هەزار دیناردایە.
خاوەنی جیهانی میوەی مەحوی وتیشی، “بە رێژەی سندوقێک و دوو سندوق دەیهێنین و دەیفرۆشین، لەبەرئەوەی گرانە هەیە دێت چارەکە کیلۆیەک دەکڕێت بەشی یەکجار لێنان”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی