دەبێت بەردەوام لەوێ بن
ئەگەر چوویت بایەعی وەربگریت و بریکارەکە لەوێ نەبوو سکاڵای لەسەر تۆمار بکە
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
بریکارەکانی خۆراک دەبێت بەردەوام دوکانەکانیان کراوە بێت، بازرگانی خۆراکی سلێمانی دەڵێت، هەرکەسێک سکاڵا لەسەر بریکار تۆمار بکات کە دوکانەکەی داخرابێت لێپێچینەوەی لێدەکرێت.
بەپێی ئەو خشتەیەی بۆیان دیاریکراوە، پێویستە بریکارەکان کاتژمێر هەشتی بەیانی تا 11ـە و کاتژمێر دوو تا چواری عەسر دوکانەکانیان بکەنەوە.
کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بازرگانی خۆراکی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، دەبێت بریکارەکان هەتا خۆراک لە دوکانەکانیاندا مابێت بەردەوام کراوەبن و بە پێچەوانەوە سزا دەدرێن.
وتیشی، “هەر بریکارێک دوکانەکەی داخرابێت سەرەتا ئاگادار دەکرێتەوە، دواتر سزای مادی دەدرێت، هەنگاوی دواتر بەشە خۆراکی مانگێکی نادرێتێ و دەدرێت بە نزیکترین بریکاری، ئەگەر هەر بەردەوام بوو بریکارییەکەی لێوەردەگیرێتەوە”.
لەناو شاری سلێمانی نزیکەی هەزار و 200 بریکاری دابەشکردنی خۆراک بوونیان هەیە و لەسەر ئاستی پارێزگاکەش سێ هەزار و 250 بریکار هەن و دوو ملیۆن و 74 هەزار و 91 هاوڵاتیش بەشە خۆراک وەردەگرن.
بەڕێوەبەری بازرگانی خۆراکی سلێمانی وتیشی، “هاوڵاتیان ئەگەر لە ماوەی دوو مانگدا بەشە خۆراکەکەیان وەرنەگرن ئەوا بەشەکەیان دەگەڕێتەوە گەنجینەکان و مافی وەرگرتنیان نابێت”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی