ئەمڕۆ کرایەوە
لە موزەخانەی زاخۆ پارچەی شوێنەواری تێدایە تەمەنی 10 هەزار ساڵە
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
بە تەنیشت پردی دەلالی زاخۆ، مۆزەخانەی شوێنەواری زاخۆ کرایەوە و نزیکەی 300 پارچەی شوێنەواری و کەرەستەی کەلەپوری لێ کۆکراوەتەوە.
مۆزەخانەکە هەموو کەرەستە و کەلوپەلە دۆزراوەکانی مێژووی ناوچەکەی لێ دانراوە، جگە لە شوێنەوارە مێژووییەکان، جلوبەرگی کوردی، چەک و کەرەستەی لێنانی خواردن لەو مۆزەخانەیە نمایش کراون، زۆربەی ئەو کەرەستانەی کەلەپورین لەلایەن دوو کەسایەتی زاخۆ پێشکەشی مۆزەخانەکە کراون.
محەمەد ئەحمەد، بەرێوبەری شوێنەواری زاخۆ بە 964ی وت، “ماوەیەکی زۆرە سەرقاڵی کۆکردنەوەی ئەو پارچە شوێنەوارانەین، لە پارچە شوێنەوارەکان تیایدایە تەمەنی 10 هەزار ساڵە، ئەو کەرەستانەشی پەیوەندییان بە کەلەپوری ناوچەکەیە تەمەنیان 50 تا 100 ساڵە”.
محەمەد کۆچەر یەکێکە لەو کەسایەتییانەی چەندین کەرەستەی کەلەپوری پێشکەشی مۆزەخانەی زاخۆ کردووە بۆ 964 وتی، “زورێک لەو کەرەستانە بەدرێژایی چەندین ساڵ، بەپارە کڕیوومن و پاراستوومن، ئەمڕۆ هەموویم بەخشی بە مۆزەخانەی زاخۆ”.
گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ بۆ 964 وتی، “ئەو مۆزەخانەیە رۆڵێکی زۆری هەیە لە پەرەسەندنی کەرتی گەشتیاری بەتایبەت کەوتووەتە تەنیشت پردی دەلال، داوا لە هاوڵاتیان دەکەم هەر پارچەیەکی شوێنەواریان لایە بیبەخشن بە مۆزخانە”.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی