قایمقام: به‌ناوى دین ئه‌و كاره ده‌كه‌ن
چه‌مچه‌ماڵ خۆى له ساحیر و نوشته‌چییه‌كان پاكده‌كاته‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له‌ناو سه‌نته‌رى قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ هه‌ڵمه‌تێك بۆ ده‌ستگیركردنى ئه‌و كه‌سانه ده‌ستیپێكردووه، كه كارى سیحر و جادوویی و نوشته‌چێتی ده‌كه‌ن، قایمقامیش ده‌ڵێت، زۆربه‌یان به‌ناوى دینه‌وه ئه‌و كاره ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت قه‌زاكه‌یان له‌و كه‌سانه پاكبكه‌نه‌وه.
له دوێنێوه ئه‌م هه‌ڵمه‌ته ده‌ستیپێكردووه و هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لە سنووری چەمچەماڵ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.
رەمك ره‌مه‌زان، قایمقامى قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ، به 964ـى راگه‌یاند، ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌یان دواى نیگه‌رانی و سكاڵایه‌كى زۆرى هاوڵاتیان دێت كه له سنووره‌كه‌یدا هه‌بووه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ى كارى جادو و سیحر ده‌كه‌ن.
وتیشی “هه‌ڵمه‌ته‌كه‌مان به‌رده‌وامه ئه‌وانه‌ى ده‌ستگیریش كراون 85% یان خه‌ڵكی چه‌مچه‌ماڵن”.
قایمقامى ئامادە نەبوو ژماره‌ی ده‌ستگیركراوه‌كان له هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ى دوێنێ ئاشكرا بكات، چونكه وتى، هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یان به‌رده‌وامه و دواتر ئامارى ته‌واوى ده‌ستگیركراوان راده‌گه‌یه‌نن.
باسی له‌وه‌ش كرد، زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى ئه‌م كاره له سنووره‌كه‌یاندا ده‌كه‌ن، به ناوى دینه‌وه ئه‌و كاره‌یان ده‌كه‌ن و ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆكار بۆ ئه‌وه‌ى باشتر خه‌ڵكی فریوو بده‌ن.
به قسه‌ى قایمقام، جگه له نیگه‌رانى و سكاڵاى هاوڵاتیان، ناڕه‌زایه‌تییه‌كى زۆریشیان له‌لایه‌ن مامۆستایانى ئایینى چه‌مچه‌ماڵه‌وه پێگه‌یشتووه، كه نابێت له ژێر ناوى دینه‌وه ئه‌و كاره له سنووره‌كه‌یاندا ئه‌نجام بدرێت.
“هه‌ر هاوڵاتییه‌ك سكاڵاى هه‌بێت و ره‌زامه‌ندى دادوه‌رى بۆ وه‌ربگرین، له لایه‌ن هێزه‌كانمانه‌وه ئه‌و كه‌سانه ده‌ستگیر ده‌كرێن”. ئه‌مه‌ش قسه‌ى قایمقامی چه‌مچه‌ماڵه بۆ 964.