دوێتەکەیان بڵاوکردەوە
ئازیتا و ئاسۆ دەڵێن دوای “دیوانی دڵ” ناوەستین
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
خانمە هونەرمەندی لاو ئازیتا لوقمان بۆ یەکەمجار لەگەڵ براکەی کلیپێکیان بەناوی “دیوانی دڵ” بڵاوکردەوە و بڕیاریشیانداوە ئەمە دواین کاریان نابێت و چەندین پرۆژەیان بەدەستەوەیە.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ 964 ئاسۆ لوقمان وتی، “هۆکاری بڵاوکردنەوەی دوێتەکەمان پێکەوە هەوادارانمان بوو، چونکە زۆر داوایان دەکرد و باوکم و خێزانەکەمان بە گشتی زۆر پشتیوانمانن، بێگومان پرۆژەی تریشمان هەیە هەم بە جیا و هەم پێکەوە”.
ئازیتا لوقمان لە سەرەتاکانی تەمەنی منداڵیەوە لە پرۆگرامی خۆشترین دەنگی منداڵانەوە دەستی پێکرد، دوای بردنەوەی پلەی یەکەم نەوەستا لە کاری هونەری و بەردەوام بوو وەک خۆشی بۆ 964 باس کرد، دوو بەرهەمی نوێی بەناوەکانی “دڵ و چاک بزانە” ئامادەیە و بەمزوانە بڵاویدەکەنەوە.
پێداچوونەوەی: پەری ساڵح