وێنەیەکی کانە ئاڵتونەکە. فۆتۆ: ئاژانسی AP
نۆ کرێکار بێسەروشوێنن
چوار کەس لەسەر داڕمانی کانەکەی باکوری کوردستان دەستگیر کران
964+
ژووری هەواڵ
ماوەی دوو رۆژە کانێکی زێڕ لە باکوری کوردستان داڕماوە و نۆ کرێکار بێسەروشوێنن و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە، لەسەر ئەم دۆسیەیەش چوار کەس دەستگیر کراون.
کانە زێڕەکە دەکەوێتە شارۆچکەی ئیلیچ لە پارێزگای ئەرزنجانی باکوری کوردستان کاتژمێر دووى پاش نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 13ی شوبات هەرەسیهێناوە و بە وتەی وەزیری ناوخۆی تورکیا، نزیکەی 10 ملیۆن مەتر چوارگۆشە گڵ کەوتووە بەسەر کرێکارەکاندا و لەسەر رووبەری 100 دۆنم زەوی بڵاوبووەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14.2.2024، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، رایگەیاند، ئەو کرێکارانەی بێسەروشوێنن، پێنجیان لەکاتی کارکردندا لەنێو کۆنتێنەرێکدا بوون، کەسێکیان لەنێو بارهەڵگرێکدا بووە و سیانەکەی دیکەش لەنێو ئۆتۆمبێلێکی بچووکدا بوون.
“لە پارێزگاکانی دەورووبەرەوە 400 کارمەندی ئافاد، جەندرمە و سەرباز رەوانەی ناوچەکە کراون، 40 ئۆتۆمبێلی کار سەرقاڵكی کارکردنن”، وەزیرى ناوخۆى تورکیا وای وت.
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، وەزیری ناوخۆى تورکیا باسی لەوەکردووە، بارستاییەکی گەورە بەسەر کانەکەوەیە، بەهۆی ئەوەی کە بەرگەی قورسایی بارستاییەکەی نەگرتووە کانەکە هەرەسی هێناوە.
عەلی یەرلیکایا وتیشى، “لەکۆی 667 کرێکار نۆ کرێکار دیار نیین و هەواڵیان نازانرێت، رەنگە لەژێر کانەکەدابن”.