دادگای سلێمانی - وێنە: 964
بۆ کەیسی نەقیب محەمەد
دادگای سلێمانی یەکشەممەی داهاتووی وەک خوێندنەوەی بڕیاری دادگا دیاری کرد
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
ئەمڕۆ چوارشەممە دادگای سلێمانی لە دەیەمین دانیشتنیدا لەسەر کەیسی نەقیب محەمەد و هاوڕێکانی بۆ رۆژی یەکشەممەی دواخست و دادوەر رایگەیاند، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بڕیاری دادگا دەخوێندرێتەوە.
بە وتەی کارزان فازیڵ، یەکێک لە پارێزەرانی کەیسی نەقیب محەمە کە بۆ 964 قسەی کرد، دەبوو سێ دانیشتن پێش ئێستا بڕیاری کۆتایی بدرایەوە و حوکمەکان بخوێندرانایەوە.
وتیشی، ئەو دواخستنانە لەسەر داوای پارێزەری تۆمەتبارەکان بووە و هیچ لە رێڕەوی دۆسییەکە ناگۆڕێت.
لە دانیشتنەکانی رابردوودا قەرەبووی قوربانییەکانی ئەم کەیسە لەلایەن دادوەرەوە بڕیاری لێ دراوە و کۆتایی هاتووە، ئەوەی ماوەتەوە بڕیاری دادوەرە بۆ تۆمەتبارەکان بەپێی ئەو بەڵگە و دیکۆمێنتانەی پێیگەیشتووە ئاخۆ چ بڕیارێک دەدات.
نەقیب محەمەد، ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بوو لە سلێمانی، شەوێکی سەرەتای مانگی دوانزەی ساڵی 2021 لەگەڵ هاوپیشەکانی دەچنە ماڵێک لە گەڕەکی تانجەڕۆی سلێمانی بە مەبەستی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک، بەڵام دەستڕێژی گوللـەیان لێ دەکرێت و نەقیب محەمەد گیانلەدەست دەدات و چوار هاوڕێی دیکەشی بریندار دەبن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی