دیمەنی بەشێک لەو مادە بەسەرچووانەی رادەستی لیژنەکانی قایمقامیەتی زاخۆ کراون. وێنە: قایمقامیەتی زاخۆ
هەمووی بەسەرچووە
خاوەن مارکێتێک زیاتر لە تۆنێک خۆراکی رادەستی قایمقامیەت کرد
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
خاوەن مارکێتێک لە شاری زاخۆ ئەمڕۆ سێشەممە تۆنێک و 40 کیلۆگرام خۆراک و مادەی بەسەرچووی مارکێتەکەی رادەستی لیژنەکانی قایمقامیەتی زاخۆ کرد.
بە پێی زانیارییەکانی 964 کە لە قایمقایەتی زاخۆوە دەستیکەوتووە، ئەو خۆراک و کەلوپەلانە بەشێکیان مانگی یەک و بەشێکیشیان مانگی دووی ئەمساڵ بەسەرچوون.
خاوەنی ئەو مارکێتەی مادە بەسەرچووەکانی داوەتە دەست لیژنەکانی قایمقامیەت نەیویست ناوی بهێندرێت، بەڵام بە 964ـی راگەیاند، تەندروستی هاوڵاتیان گرنگترە لە بەدەستهێنانی قازانج و پارە بۆیە ئەو بڕیارەی داوە.
وتیشی، “بەردەوام دەبم و داوا لە دوکاندار و بازرگانان دەکەم هەرشتێک بەسەرچوو خۆیان رادەستی لیژنەکانی قایمقامیەتی بکەن”.
بەرهەمەکان بریتی بوون لە شیر و بەرهەمی سپیایی، ساردەمەنی و کەرەستەی پاککردنەوە.
وەڵات هەجەر، سەرۆکی لیژنەکانی قایمقامیەتی زاخۆ بە 964ـی وت، “دەستخۆشی لەو خاوەن مارکێتە دەکەین و داواکارین سەرجەم مارکێت و بازرگانەکانی دیکەش ئەو کارە بکەن”.
لیژنەکانی قایمقامیەتی زاخۆ لە ئاسایش و تەندروستی و قایمقامیەتی زاخۆ پێکهاتوون، روژانە چاودێریی بازاڕ دەکەن و لە سەرەتای ئەم مانگەوە تا ئێستا دەستیان بەسەر زیاتر لە شەش تۆن خۆراک و کەلوپەلی بەسەرچوودا گرتووە.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد