لە سنورى گوندەکانى داودە
زیاتر لە 100 دارى سروشتى دەبڕدرێتەوە
964+
سیروان خورشید-دوزخورماتوو
ماوەى هەفتەیەکە، چەند کەسێکى نەناسراو لە ناوچەى (داودە)ـى ىسنورى دوزخورماتوو، زیاتر لە 100 دارى جۆراوجۆریان بڕیوەتەوە، ھاوڵاتیانی سنورەکەش نیگەرانن و داواکارن ئەو دیاردەیە بنبر بکرێت و ژینگەی ناوچەکە پارێزراوبێت.
ھەڵکەوت محەمەد، ھاوڵاتیەکی گوندی وارانی ناوچەى داودەیە و قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: ژمارەیەک کەسی نەناسراو ھەستاون بە بڕینی دارەکانی سنوری هەریەک لە گوندەکانى وارانی و قەڵا و رەزا و چەمی پارەپارە و زیانێکی زۆریان بە ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە.
دیمەنى بڕینى دارەکان دانیشتوانى ئەو سنورەى نیگەران کردووە، چونکە وەک هەڵکەوت محەمەد، باسى لێوە کردووە، خەڵکى گوند وەک بەشێک لە جەستەى خۆى لە دارو درەخت و سەوزایی دەڕوانێت، بۆیە وەک دەڵێت: ترسمان هەیە ئەو کردارە بەردەوام بێت و ژینگەکەمان بکەوێتە مەترسییەوە.
ناوچەى داودە لە دوزخورماتوو، زیاتر بە ناوبانگە بە دارى سروشتى لە جۆرى دارى پەڵک و گەزن، ئەو دارانەشى کە بڕدراونەتەوە زۆرینەیان لەو جۆرانەن و دارى تەڕن.
وەهاب ئەحمەد، بەڕێوەبەرى ناحیەى زینانە بە 964ـى وت،” ھاوڵاتیانی سنورەکە ئاگاداریان کردوینەتەوە لە بڕینی دارەکان، ئێمەش پۆلیسی دارستان و ھێزە ئەمنییەکانمان ئاگادارکردۆتەوە، پێشتر چەند تۆمەتبارێک دەستگیرکراون کە بەھەمان شێوە داریان بریبوو بۆ ئەوەی وشکی بکەنەوە و بیکەن بەخەڵوز و بیفرۆشن، بەڵام دواتر بەڵێننامەیان پێ پرکرایەوە بە مەرجى دووبارە نەکردنەوەى ئەو کارە ئازاد کران”.
پۆلیسى دارستان و بەڕێوەبەرایەتى ناحیەى زنانە بەنیازى بنبڕکردنى ئەو دیاردەیەن، بۆیە وەک وەهاب ئەحمەد بۆ 964 باسى لێوەکرد، لە سبەینێوە لیژنەیەک پێکدەهێنن و تۆمەتباران دەستگیر دەکەن و لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکەن.
پێداچوونەوە- وریا فەتاح