شاره‌وانى: لێپرسینه‌وه‌ ده‌كه‌ین

چه‌ند گو‌ندێكی بنارى قه‌ندیل به‌ده‌ست ئاژەڵی بێ خاوەن هه‌راسانن

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ چه‌ند گوندێكی بنارى قه‌ندیل ئاژەڵی بێ خاوەن هاوڵاتیانى ئه‌م گوندانه‌ى به‌هۆى زیان گه‌یشتن به‌ كشتوكاڵه‌كانیان هه‌راسان كردووه‌، شاره‌وانى ئه‌م بناره‌ش ده‌ڵێت “لێپرسینه‌وه‌ ده‌كه‌ین”.

گونده‌كانى ئێندزه‌، كاسكان ، ماونان و زه‌گه‌ڵین، له‌و گوندانه‌ى بنارى قه‌ندیلن كه‌ رووبه‌ڕووى ئاژەڵی بێ خاوەن بوونه‌ته‌وه‌.

ئه‌و ئاژەڵانەی بێ خاوەنن و لەو گوندانە زیان بە کێڵگەی کشتوکاڵی خەڵک دەگەیەنن ئه‌سپ و مایین و گوێدرێژن.

سامان كه‌ریم، خه‌ڵكی گوندى كاسكان، به‌ 964ـى وت، ئاژه‌ڵى بێ خاوەن بووته‌ دیارده‌و ساڵانه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ و تا ئێستاش چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌.

وتیشی “جگه‌ له‌ كاسكان، له‌ گوندى ئێندزه‌ش هه‌مان كێشه‌و گرفت رووبه‌ڕووى جوتیاران بووه‌ته‌وه‌ و زیان به‌ به‌رووبومه‌ تازه‌ چێندراوه‌كان و باخچه‌كانیان كه‌وتووه‌”.

شارەوانی بناری قەندیل كه‌ (له‌ په‌كه‌كه‌ نزیكه‌ و سه‌ر به‌ حكومه‌تى هه‌رێم نییه‌) نایشارێته‌وه‌ كه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ سنووره‌كه‌یان به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام ده‌ڵێت “لێپرسینه‌وه‌ ده‌كه‌ین”.

دڵشێر ئیبراهیم، هاوسه‌رۆكى شاره‌وانى بنارى قه‌ندیل، به‌ 964ـى وت، هه‌مان كێشه‌ى ئه‌م دوو گونده‌ له‌ گونده‌كانى ماونان و زه‌گه‌ڵینیش هه‌یه‌.

وتیشی “زۆربه‌ى ئه‌و ئاژەڵانەی به‌ڕه‌ڵا ده‌كرێن هی خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ى بنارى قه‌ندیلن و نازانین كێ خاوه‌نیانه‌”.

باسی له‌وه‌شكرد، هه‌ر هاوڵاتییه‌ك به‌هۆى ئه‌م وڵاغانه‌وه‌ زیانیان به‌ركه‌وتبێت و ئاگاداریان بكاته‌وه‌، بەدواداچوون ده‌كه‌ن.

هاوڵاتیانی ئەو گوندە دەڵێن له‌ وه‌رزى هاوینانیشدا زۆربه‌ى گونده‌كانى بنارى قه‌ندیل به‌هۆى مه‌ڕ و ماڵاتى ره‌وه‌نده‌كانى پشده‌ر و بیتوێن كه‌ ده‌چنه‌ سنووره‌كانیان، هه‌راسانن، به‌هۆى ئه‌وه‌ى زیان به‌ به‌روبوومى جوتیاران ده‌گه‌یه‌نن.

هه‌رچه‌نده‌ ره‌وه‌نده‌كان، كه‌ مه‌ڕو ماڵاته‌كانیان ده‌بنه‌ كوێستانه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ چه‌ند مه‌رجێكیان له‌سه‌ر دانراوه‌، یه‌كێك له‌و مه‌رجانه‌ نابێت زیان به‌ به‌روبوومى كشتوكاڵى ئه‌و گوندانه‌ بگه‌یه‌نن كه‌ لێیانه‌وه‌ نزیكن، به‌ڵام به‌قسه‌ى هاوڵاتیان ئه‌م بناره‌، ئه‌وان رووبه‌ڕووى زیان ده‌بنه‌وه‌.

مه‌ڕ و ماڵاتى ره‌وه‌نده‌كان بوونه‌ته‌ به‌ڵاى بنار...

مه‌ڕ و ماڵاتى ره‌وه‌نده‌كان بوونه‌ته‌ به‌ڵاى بنارى قه‌ندیل