باڵەخانەی دادگای سلێمانی _ وێنە: 964
پارێزەرێک وەڵام دەداتەوە
ئەگەر ئاگادارکردنەوەی دادگات بۆ بێت و وەرینەگریت چی روودەدات؟
964+
پێشەوا محەمەد
پارێزەرێک هۆشداری دەداتە ئەوانەی ئاگادارکردنەوەی دادگایان بۆ دەچێت و وەریناگرن، یان پشتگوێی دەخەن، چونکە دەڵێت دادگا بەبێ ئاگاداری و بوونی ئەوان بڕیار لەسەر کەیسەکەیان دەدات.
ئەم پرسە لای ئالان ژاژڵەیی پارێزەر بووە بە ئەزموون، کەیسێکی بۆ چووە و هی جیابوونەوەی دوو هاوسەر بووە، بەڵام پیاوەکە بەدەم داوای دادگاوە نەچووە و دادگاش بڕیاری داوە و پێنج ملیۆن دینار نەفەقەی بەسەردا سەپاندووە.
ئەو پارێزەرە بە 964ـی وت، “لەو حاڵەتانەدا ئەو کەسەی داوای لەسەر تۆمارکراوە و دادگا داوای کردووە و بەدەمیەوە ناچێت، ئاگای لە هیچ کام لە قۆناغەکانی دادگا نابێت و بڕیاری دادگاش دەبێت بە بڕیاری بنبڕ، کە هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا ناکرێت و هەموو قۆناغەکانی بڕیوە”.
کاتێک کەسێک سکاڵا لەسەر کەسێک تۆمار دەکات، دادگا ئاگادارکردنەوەی ئامادەبوون بۆ هەردوو لایەن دەنێرێت و ئەو کارەش چەند جارێک دووبارە دەبێتەوە.
“لە کاتی یەکەم و دووەم و سێیەم ئاگادارکردنەوەدا ماوەیەک هەیە، لە کاتی دانیشتنەکانی دادگا هەموو کەسێک مافی بەرگری لەخۆکردنی هەیە، بەڵام ئەگەر بانگهێشتەکان وەرنەگیرێت و ئامادەی دانیشتنەکان نەبێت، ئەوا دادگا بڕیاری خۆی لە بارەی کەیسەکەوە دەدات”، ئالان ژاژڵەیی وادەڵێت.