بۆ نیشتیمانی خۆیان
لەق لەقەکانی پشدەر پـێـش مەوسیمی خۆیان گەڕاونەتەوە
964+
محـەمەد عـەلی ـ پشـدەر
گوندی گردە سپیان لە پشدەر بووەتە ئارام گەیەک بۆ باڵندەی لەق لەق و بەهۆی گۆڕانی کەش و هەواوە پێش وادەی خۆیان گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان، کە ساڵانێکی زۆرە لەو گوندە نیشتەجێن و گوندنشینان دەیانپارێزن.
محەمەد جندار، دانیشتوی گوندی گردەسپایانە لە پشدەر بە 964ـی وت، “ئەم لەق لەقانە لەساڵانی نەوەدەکانەوە هاتن لانەیان دروست کرد لەگوندەکەمان، سەرتا ژمارەیان دوو دانەبوو نێر و مێیەک بوون، دواتر ساڵ بۆ ساڵ ژمارەیان زیاتر بوو، پاراستنمان لەوەی کەس ئازاریان نەدات، لە ئێستادا کەس ئازاریان نادات و خەڵکی گوندەکە دەیان پارێزن، بۆیە ئەوان هەست بە ئارامی دەکەن و گوندەکەمان بە زێد و نیشتیمانی خۆیان دەزانن.
وتیشی، لەق لەق باڵندەیەکی کۆچەرییە، کەشی ئەم ساڵ خۆش بوو بۆیە بەراود بە ساڵانی رابردوو زوتر گەڕاونەتەوە، نزیکەی 15 رۆژێکە دەیان بینن کە هاتوونەوەو خەریکی هێلانەکانیانن رێکیان دەخەنەوە، بۆئەوەی هێلکە بکەن جوچکە هەڵبێنن، ئەم لەق لەقانە، خواردنیان بۆق و مشک و مارە، هیچ زیانێکیشیان نیە بۆ ئەوان.
گوند نشینەکە ئاماژە بەوەش دەکات، گوندەکەمان ئێستا 10هێلانەی باڵندەی لەق لەقی لێیە، ژمارەشیان 20 لەق لەق دەبێت، ئێمە زۆر پێیان دڵخۆشین لەبەر ئەوەی جوانییەکی زۆریان بە گوندەکەمان بەخشیوە و دڵمان پیان خۆشە، هیوادارین لەهەموو گوندەکان وەک و ئێمە پارێزگاری لەژنیگە بکەن و بیان پارێزن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی