کۆڵان هەیە چوار تاسەی تێدایە

زۆری ژمارەی تاسە شۆفیرانی ناحیەی پیرەمەگرونی هەراسانکردووە


بەرزان عوسمان – دوکان

هەبوونی ژمارەیەکی زۆری تاسەی چیمەنتۆ لە کۆڵانەکانی ناحیەی پیرەمەگرون شۆفێرانی هەراسانکردووە، ئەو تاسانەی دروستکراون لەلایەن هاوڵاتیانەوە بۆ کەمکردنەوەی خێرایی ئۆتۆمبێلە.

تێبینی کراوە، زیاتر لە 50 تاسە لە کۆڵانەکان بەشێوەیەی نا یاسایی دروستکراون، لە هەندێک شوێن بەدووری 100 مەتر چوار تاسە لە کۆڵانێک دروستکراوە.

ئاراس ئیبراهیم کاری شۆفێری دەکات لە پیرەمەگرون بە 964ی وت، “زۆرجار بەهۆی بەرزی ئەو تاسانە ناتوانین بەهەندێک کۆڵان و شەقامی ناحیەکەدا برۆین، چونکە زیانی بۆ ئۆتۆمبێلەکانمان هەیە، داواکارین لایەنی پەیوەندیدار ئەوتاسانە لابدات و ئەو شوێنانەی پێویستن بەربەستی پلاستیکی دابنێن”.

بەرزان رەئوف سەرۆکی شارەوانی پیرەمەگرون بۆ 964 وتی، ” لەماوەی رابردوودا لە شەقام و کۆڵانەکان زیاتر لە 25 تاسەمان لابردووە کە بەشێوەی نایاسایی دروست کرابوون، هەر هاوڵاتییەکیش ناڕەزایی و گلەیی هەیە لە هەبوونی تاسە لە کۆڵانەکەیان سەردانی شارەوانی بکات بۆ ئەوەی رێکاری پێویست بگرینەبەر بۆ لابردنیان”.

سەرۆکی شارەوانی پیرەمەگرون ئەوەش دەڵێت، “هەر هاوڵاتییەک دەیەوێت لەبەردەم ماڵەکەی تاسە دابنێت بۆ کەم کردنەوەی خێرایی ئۆتۆمبێل سەردانی شارەوانیمان بکات بۆ بەهاوبەشی ئەندازەی  پۆلیسی هاتوچۆ پشکنین بۆ شوێنەکەی دەکرێت و تاسە یان بەربەستی پلاستیکی بۆ دادەندرێت”.

ناحیەی پیرەمەگرون سەر بەقەزای دوکانە و لە شەش گەڕەک و 47 گوند پێکدێت و ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاترە لە هەشت هەزار کەسە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی