دەربەندیخان

خاوەنی دوو بەنداوە و 7 کاتژمێر کارەبایان هەیە

964+

توانا نەقی

قەزای دەربەندیخان هەرچەندە خاوەنی دوو بەنداوە و یەکێک لە بەنداوەکانی لەسەر ئاستی هەرێم یەکێکە لە گەورەترینەکان، کەچی رۆژانە تەنیا حەوت بۆ هەشت کاتژمێر کارەبایان هەیە.

گلەیی هاوڵاتیانی قەزاکە چەند ساڵەیە و بە قسەی خۆیان دەبوو کێشەی هەرچی شتێکیان هەبووایە هی کارەبایان نەبوایە بەهۆی ئەو بەنداوانەوە.

قەزای دەربەندیخان هەریەک لە بەنداوەکانی دێوانە و بەنداوی دەربەندیخانی تیادایە کە تەنیا لە یەکێکیانەوە کارەبا بەرهەم دەهێنرێت.

باست عەزیز بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە 964ـی وت، ئێستا تەنیا 7 تا 8 کاتژمێر کارەبا دەدەن بە هاوڵاتیان لە کاتژمێر 5:00 ئێوارە بۆ 12:00ـەی شەو هەندێک جاریش دوو کاتژمێری دیکە دەیکوژێننەوە.

وتیشی، بەنداوی دێوانە تەنیا ئاوی تێدایە و سفر مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەنداوی دەربەندیخانیش پێنج کاتژمێر کارەبا بەرهەم دەهێنێت لە رۆژێکدا بۆ هەر کاتژمێرێک 65 مێگاوات بەرهەم دێت، کە بڕێکی کەمە بە تایبەت بۆ ئەم وەرزی سەرما و سۆڵەیە.

سەبارەت بە پڕکردنەوەی کاتژمێرەکانی دیکە بە کارەبای مۆلیدە سلێمان محەمەد قایمقامی دەربەندیخان بە 964ـی وت، کارپێکردنی 24 کاتژمێری مۆلیدە نییە لە دەربەندخان تەنیا چەند کاتژمێرێک پڕدەکەنەوە.

وتیشێ، لە کاتژمێر 7:00 تا 8:30 خولەکی بەیانی هەیە، دواتر لە 1:30 خولەکی پێش نیوەڕۆ بۆ 4:00ـی ئێوارە هەیە و بۆ ناوبازاڕیش تا 1:00 شەو مۆلیدەکان کار دەکەن.

قەزای دەربەندیخان سەربە پارێزگای سلێمانییە و خاوەنی دوو بەنداوی مامناوەند و گەورەیە.

وێستگەی کارەبای دەربەندیخان مەترسی لەسەر نەما

وێستگەی کارەبای دەربەندیخان مەترسی لەسەر نەما