پۆستەری بنکەی تەندروستیی دێگەڵە. فۆتۆ: وەزارەتی تەندروستی
بنکەیەکی نوێش دەکرێتەوە
دێگەڵە دەبێتە خاوەنی ئێشکگری فریاگوزاری خێرای 24 کاتژمێری
964+
ژووری هەواڵ
وەزارەتی تەندروستی بڕیاری دا بە کردنەوەی ئێشکگری فریاگوزاری خێرای 24 کاتژمێری و دروستکردنەوەی بنکەیەکی نوێی تەندروستی لە ناحیەی دێگەڵە.
بڕیاری کردنەوەی ئەو دوو سەنتەری تەندروستییە ئەمڕۆ سێشەممە 6.2.2024 لە دوای سەردانی وەزیری تەندروستی و شاندێکی تەندروستی کۆیە بۆ ناحیەی دێگەڵە دەرچووە و بڕیارە بەم نزیکانە دەستبکرێت بە دروستکردنیان.
هاوکار عەلی، وتەبێژی تەندروستیی کۆیە بە 964ـی وت، تا ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ دامەزرانی کارمەند بۆ ئەو دوو بنکەیە دەرنەچووە و دەبێت وەزارەتی تەندروستی نووسراو بکات، “بەڵام بە ئەگەری زۆر ئەگەر کەسی بۆ دابمەزرێت بە شێوەی گرێبەست دەبێت”.
لە بارەی ئەوەی کە بنکەکان چەند تەختەیان دەبێت و لەسەر رووبەری چەند مەتر دروست دەکرێن، وتەبێژی تەندروستیی کۆیە وتی، هێشتا نازانرێت.
دێگەڵە یەکێکە لە ناحیەکان قەزای کۆیە و بە دووریی 35 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری رۆژھەڵاتی شاری ھەولێر.