دیمەنێکی کەمپی هۆل - وێنە: ئاژانسەکان
قۆناغی سێیەم بوو
ئۆپەراسیۆنەکەی هەسەدە لە کەمپی هۆل کۆتایی هات
پێشەوا محەمەد
ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکەی هەسەدە لە کەمپی هۆل دوای 10 رۆژ کۆتایی هات، خۆیان دەڵێن 85 چەکداری داعشیان دەستگیر کردووە و سەردەیەکی ئەو رێکخراوەش کوژراوە و دەستیان بەسەر بڕێک مادەی هۆشبەریشدا گرتووە.
فەرماندەیی گشتیی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و رۆژھەڵاتی سوریا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کۆتایی ھاتنی ئۆپەراسیۆنی “مرۆیی و ئەمنی”ـیەکەیان راگەیاند، کە قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنەکەیان بووە.
لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا یەکینەکانی پاراستنی ژنان و هێزەکانی هاوپەیمانان هاوکاریان بوون.
“ئۆپەراسیۆنەکە بۆ رێگریکردن بووە لە پیلانەکانی داعش بۆ خۆڕێکخستنەوە لە کەمپی ھۆل، ھەموو سێکتەرەکانی کامپەکە پشکنینیان بۆ کرا و لە ئەنجامدا توانرا، ئەبو سوفیان لاھیبی لێپرسراوی شانەکانی داعش لەناو کەمپی ھۆل کوژرا، ھەروەھا ژنێکی ئێزدی بە ناوی کۆڤان ئیدۆ خورتۆ رزگارکرا”، فەرماندەیی گشتیی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و رۆژھەڵاتی سوریا وایان وتووە.
هەر لەو ئۆپەراسیۆنەدا پێنج تونێلی داعش لەناوبراون و ژمارەیەک چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازیش دەستیان بەسەردا گیراوە.
لە 28ـی ئازاری 2021 ئۆپەراسیۆنی یەکەمی مرۆیی و ئەمنی دژی شانەکانی داعش لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، هەسەدە و یەپەژەوە دەستیپێکرد. ئۆپەراسیۆنەکە پێنج رۆژی خایاند و 125 ئەندامی شانە نووستووەکانی داعش دەستگیر کران.
قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکە لە 25ـی ئابی 2022 دەستیپێکرد و 24 رۆژی خایاندووە.
کەمپی هۆل دەکەوێتە پارێزگای حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان، نزیکەی 68 هەزارکەس لە کەسوکاری چەکدارانی داعش تێیدا دەژین، کە خەڵکی سووریا و عێراق و وڵاتانی دیکەی جیهانن و لەوانەش 43 هەزاریان منداڵن.