ئاسایش دەستگیری کردبوون
مامۆستا ناڕازییەکانی شارەزوور ئازاد کران
بڕوا مەجید – شارەزوور
لە کاتی کۆکردنەوەی پشتگیری لەناو بازاڕی قەزای شارەزوور بۆ خۆپێشاندانەکەی سبەینێیان، بە وتەی خۆیان، بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی لە لایەن ئاسایشەوە دەستگیر کران و دوای سێ کاتژمێر ئازاد کران.
مامۆستا ناڕازییەکان داوایان کردووە دوکاندارەکان سبەینێ دوکانەکانیان دابخەن و بەشداریی خۆپیشاندان بکەن لەگەڵیان، 964 دەزانێت، هەر دوکاندارێکیش رازی بووبێت مامۆستاکان وێنەیان گرتووە و بڵاویان کردووەتەوە.
وا بڕیارە سبەینێ چوارشەممە 7.2.2024 خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی لە قەزای شارەزوور بەڕێوەبچێت.
سەرچاوەیەک لە ئاسایشی شارەزوور بە 964ـی وت، “دوای ئەوەی ئەو مامۆستایانە چوونەتە ناوبازاڕ داوای خۆپیشاندانیان کردووە، بانگ کراونەتە ئاسایش و فۆڕمیان پێ پڕکراوەتەوە بەشداریی خۆپیشاندان نەکەن”.
دوای دەستگیرکردنیان بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی چووبوونە بەردەم ئاسایش و دوای سێ کاتژمێر مانەوەی ئەو مامۆستایانە لای ئاسایش، ئازاد کران.
فریاد محەمەد، یەکێک لەو مامۆستا ناڕازییانەی دەستگیر کرابوو بە 964ـی وت، “سەرەتا وتیان دەبێت فۆڕمێک واژۆ بکەن کە بەشداریی خۆپیشاندان نەکەن، ئێمەش واژۆمان نەکرد، دواتر وتیان ئەوە واژۆ بکەن جارێکی تر بەوجۆرە بانگەشە بۆ خۆپیشاندان نەکەن لەناو بازاڕ و ئێمەش ئەوەمان واژۆ کرد”.
وتیشی، “لە خۆپیشاندان بەردەوام دەبین و سبەینێ چوارشەممە لە سەرشەقام دەبین”.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد