مانگێکە تیشکی MRI لە گەرمیان بۆ هیچ نەخۆشێک نەگیراوە

+964

هونەر فارس- گەرمیان

بەهۆی کۆتایی هاتنی گرێبەستی نێوانیان، ماوەی مانگێکە تیشکی MRI لە گەرمیان بۆ هیچ نەخۆشێک نەگیراوە.

گرێبەستەکە لەنێوان وەزارەتی تەندروستی و کۆمپانیای سیمنسی ئەڵمانی بووە، ماوەی مانگێکە ماوەکەی تەواو بووە.

بەپێی ئاماری ساڵی 2022ـی سەنتەری تیشکی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گەرمیان بێت کە بە +964 دراوە، دوو هەزارو 681 تیشکی MRI بۆ نەخۆش کراوە، هەروەها 785 سی تی سکان، نۆ هەزارو 430 سۆنارو سێ هەزارو 423 تیشکی عادی و رەنگاوڕەنگ بۆ نەخۆش گیراوە.

کاروان محەمەد ڕەشید، بەڕێوەبەری سەنتەری تیشک لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گەرمیان بە +964ـی وت “سەرباری گرفتەکانی نەبوونی فیلم و دەرمان لە ساڵی رابردوودا، بەڵام توانیومانە کارئاسانی زۆر بۆ نەخۆش بکەین و تیشک و سۆنار بۆ نەخۆش ئەنجام بدەین”.

تیشکی MRI و سی تی سکان، دوو تیشکن کە لە بازاڕ نرخەکەیان دەگاتە 75 هەزار تاوەکو 150 هەزار دینار، بەڵام لە نەخۆشخانە حکومییەکان بە 15 بۆ 25 هەزار دینارە.