17 مێردمنداڵی خانەی نەوجەوانان دادەمەزرێن

+964

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

بەهۆی هەڵکشانی تەمەنیان و دەرکردنیان لە خانەی نەوجەوانان، ئەو منداڵانەی تەمەنیان دەگاتە 18 ساڵی لەلایەن وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی دادەمەزرێن.

بڕیارەکە هی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و لەسەر داوای کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی داویەتی.

ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم بە +964ـی راگەیاند: دامەزراندنەکە 17 مێردمنداڵ دەگرێتەوە کە تەمەنیان لە خانەکانی چاودێریی نەوجەوانان بووە بە 18ساڵ، بە مەرجێک مووچەی تریان لە دەزگاکانی حکومەت نەبێت.

بڕیارەکە دوابه‌دواى نووسراوێکی وەزارەتی کار بە ژمارە 8789 بووە لە 28ـی تشرینی دووەمی 2022 دەرکراوە، کە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە.

“ئەوانەی دادەمەزرێن هی سێ ساڵی رابردوون و ئەوانەی پێشتر ناگرێتەوە کە بوون بە 18ساڵ، بەڵام بۆ داهاتوو بڕیارەکە بەردەوام دەبێت” ئاریان ئەحمەد وای وت.

حکومەتی هەرێم بڕیارەکەی بە پێی رێنمایی ژمارە 10ـی ساڵی 2019 دەرکردووە، کە رێگە بە دامەزراندنی ئەو مێردمنداڵانە دەدات، بەڵام ساڵانی تر بەهۆی راگرتنی دامەزراندنەوە کەس دانەمەزرێندراوە.