ئەمەریکا گورزى خۆى وەشاند

شەوى رابردوو لە عێراق و سوریا چی روویدا؟

وریا فەتاح

لە ساتەکانی کۆتایى رۆژى هەینیدا، هێزەکانى ئەمەریکا هێرشى بەرفراوانیان لە دژى فەیلەقی قودسى سەر بە ئێران و میلیشیاکانى سەر بە ئێران لە عێراق و سوریا دەستپێکرد و گورزى کوشندەیان لێوەشاندن.

هێرشەکانى ئەمەریکا لە وەڵامى کوشتنى سێ سەربازییە ئەمەریکییەکە لە ئوردن، هەروەها  بۆردومانکردنى بنکە و بارەگا سەربازییەکانى ئەمەریکا بوو لە عێراق و سوریا.

لە بارەى هێرشەکانەوە، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، 85 ئامانجیان لە ناو خاکى عێراق و سووریا بۆردومانکردووە، کە لەلایەن فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و هێزە چەکدارەکانی نزیک لە سوپاى پاسداران، کە بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى، بەکارهێنراون.

بەپێى قسەى بەرپرسانى ئەمەریکا، هێرشەکانى شەوى رابردوو، دەروازەى زنجیرە هێرشێک دەبێت کە هێرشى دیکەشى بەدوادادێت و هەڵمەتێکى چەند رۆژە دەبێت.

لاى خۆیەوە، یەحیا رەسووڵ، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانى عێراق، هێرشەکانی ئەمەریکاى لە خاکى عێراقدا بە پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەی وەسفکرد، کە بە وتەی خۆی “هەوڵەکانی حکومەتی عێراق تێکدەدات و هەڕەشە دروست دەکات”.

لە بەرامبەر ئەوەدا جۆن کێربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، پێش ئەنجامدانی هێرشەکان، عێراق ئاگادارکراوەتەوە.

تائێستا دیار نییە لە هێرشەکاندا چەند چەکدار و دژبەرى ئەمەریکا کوژراون، بەڵام دەنگى رەخنەکان لە ئەمەریکا بەرزە و پێیان وایە هێرشەکان لە کات و ساتى پێویستدا نەبوون و دەرفەتى زۆرییان بە هێزە میلیشیاکانداوە تا شوێنەکانیان چۆڵبکەن.

تائێستا دیارنییە لە هێرشەکانى شەوى رابردووى ئەمەریکا چەند کەس کوژراون، بەڵام وەک میدیاکان باسى دەکەن لە عێراق باس لە کوژرانى 10 چەکدار و لە سوریاش باس لە کوژرانى زیاتر لە 15 چەکدار دەکرێت.