964+
راوێژکارێکی سودانی وا دەڵێت
دوای هێرشە موشەکیەکەی سەر هەولێر ئێران دەستیکردوە بە راستکردنەوەی دۆخەکە
فەهمی نەبی
یەکێک لە راوێژکارەکانی سودانی رایگەیاندووە، لە پرۆسەی نێوەندگیری گفتوگۆ لەگەڵ هێزەکانی مقاوەمە لە عێراق “ماراسۆنێکی ماندوکەرە” و لەدوای هێرشەکانی ئەم دوایەی سەر هەولێریش ئێران لە هەوڵی راستکردنەوەی دۆخەکەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە فادی ئەلشەمەری راوێژکاری محەمەد شیاع سودانی رایگەیاندووە، بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ گفتوگۆ هەیە لەگەڵ ئەو هێزانەی لە پرۆسەی سیاسی عێراق بەشدارن، چوارچێوەی هەماهەنگی پەیوەندیەکی باشی هەیە لەگەڵ گروپی “نوجەبا” و زۆرجار ئەوان بەکاردێن بۆ گفتوگۆکان.
بەوتەی ئەو راوێژکارەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سودانی بەو گروپانەی وتووە، وەرن یان ئێوە قەناعەت بەمن بکەن یان من قەناعەتتان پێ دەکەم، کێ بەرپرسیارەتی ئەم دۆخە هەڵدەگرێت، ئەمریکیەکان دۆلار و هێزی سەربازیان هەیە وەک فشار بەکاریدەهێنن، ئەوەی لێکەوتەی ئەم دۆخە هەڵدەگرێت خەڵکە، خەڵک ئەو حکومەتەی هەڵبژاردووە، بۆیە ئەوەی دەبێت وەڵام بداتەوە حکومەتە نەک گروپەکان، ئەم گفتوگۆیانە وەک ماراسۆن وان و ئاسان نین.
زۆرینەی لایەنی چوارچێوەی هەماهەنگی پاڵپشتی هەنگاوەکانی حکومەت دەکەن، ئەمەش بەوتەی فادی ئەلشەمەری.
سەبارەت بە هێرشە موشەکیەکەی سەر هەولێر لەلایەن سوپای پاسداران ئەنجامدرابوو، ئەو راوێژکارەی سودانی دەڵێت، “ئێمە ئەزموونی چارەسەرکردنی کێشەمان لەگەڵ ئێرانییەکان هەیە، بە تایبەت لە دوورخستنەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، پێمان وایە ئێران ئێستا لە قۆناغی راستکردنەوەی دۆخەکەیە.
لەو بۆردومانەدا کە سوپای پاسدارانی ئێران شەوی 15.1.2024 بە موشەکی بالیستی بۆ سەر هەولێر ئەنجامیدا چوار کەس گیانیان بەخشی و 16 کەس برینداربوون.