
گەڕەکی جوندیان لە سۆران - Social Media
“بۆ چاککردنی بۆرییەکی ئاو گەڕەکێک تێکدراوە”
964+
توانا نەقی – هەولێر
دانیشتوانی گەڕەکێکی سۆران دەڵێن، دوای گۆڕینی بۆری ئاوی ماڵان، جادە و کۆڵانی ئەو گەڕەکە بووە بە قووڕ و لیتە و تەنانەت سەیارەش دەرناچێت لە کۆڵانەکان.
گەڕەکی جوندیان یەکێکە لە گەڕەکەکانی قەزای سۆران، ماوەیەکە بەهۆی چاککردنی بۆری ئاوی ماڵانەوە ئەو گەڕەکە کۆڵانەکانی تێکدراون و ئێستا بەهۆی بارانبارینەوە، قوڕ و لیتە دروست بووە و دانیشتوانی گەڕەکەکەی بێزار کردووە.
سەوری شوکری، لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاری شارەوانی سۆران بە 964+ی وت، ئەو بابەتە پەیوەندی بەوانەوە نییە و دەبێت بەڕێوەبەرایەتی ئاو کە کۆڵانەکانی بۆ بۆری ئاو چاڵکردووە، وەک خۆی لێبکاتەوە و نەهێڵێت ببێتە قوڕاو.
وتیشی، ئەوە تەنیا چەند کۆڵانێکە لەو گەڕەکە و بەشێکیش لە کۆڵانەکان زیادەڕۆن کە کاریان بۆ نەکراوە، ئەگەر هاوڵاتی خۆی بێت داواکاری بکات ئەوان بۆیان چەوڕێژ دەکەن.
“ئەگەر شوێنێک پێشتر قیر بووبێ و هەڵکەندرابێت بۆ چاکسازی ئەوە کاری ئێمەیە کە چاکی بکەینەوە، بەڵام کە خۆی خۆڵبێت ئەوە ئیشی ئەو لایەنەیە کە کاری تێدا کردووە وەک خۆیلێبکاتەوە، سەوری شوکری وادەڵێت”.
هاوڵاتییانی گەڕەکەکەش دەڵێن، چەندین جار لە گیرفانی خۆیان جادە و کۆڵانەکانیان چاک کردووە، ئێستا بەهۆی بۆری ئاوەوە تێکیان داوە و چاکی ناکەنەوە.