مەلا بەختیار: لە كوردستان چینی چەتە دروستبووە
+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر
مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەڵێت كوردستان لە دەستی حزبدا نەماوە و لە دەستی چینی چەتە دایە.
ئێوارەی ئەمڕۆ حەوتی تشرینی دووەمی 2023، لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی سیمینارێكی تایبەت بە ئابووری كوردستان بۆ توێژەر فەیسەڵ عەلی لەلایەن تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێرەوە بەڕێوەچوو.
. لەکۆتایی سیمینارەکەدا مەلا بەختیار، بەشداری گفتوگۆی بابەتەکەی كردو وتی “ئێستا ئابووری هەرێمی کوردستان لە تەداخولی حزب تێپەڕیوە، بەڵکو چینی چەتە لە کوردستان دروستبووە، نزیکەی سێ سەد ملیۆنێر لەناو یەکێتی و پارتی و گۆڕاندا هەن کە فڕیان بە ئابووریشەوە نییە”.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا مەلا بەختیار زیاتر وتیشی “کەسی وا دەناسم کە هاتۆتەوە بۆ کوردستان پارەی دەبەیەک ئاوی پێنەبووە، ئێستا لەدوبەی ڤیلای کڕیوە بە پێنج ملیۆن دۆلار، کەس هەیە بە پێڵاوی لاستیکەوە هاتەوە کوردستان ئێستا کارگەی هەیە لە ئەڵمانیا.
مەلا بەختیار دەشڵێت: ئەگەر ئەو هەموو دزییە لە كوردستان هەبێت چۆن ئابووری كوردستان پێشدەكەوێت؟ گەورەترین کێشەی كوردستان گەندەڵییە.
مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە ، خاوەنداریەتی ناوەندی چاودێر دەكات .
حیكمەت محەمەد كەریم، ناوی راستەقینەی مەلا بەختیارە 69 ساڵە و خێزاندارە و لە 10ـی
حوزەیرانی 1970ەوە دەستی بەكاری سیاسی كردووە.