لە پێنج ساڵدا

20 هەزار سکاڵای دەستدرێژیی سێکسی تۆمارکراوە

964+
میدیا گۆران

نەخۆشان و کارمەندانى دامەزراوە تەندروستییە دەروونییەکانى بەریتانیا، گرفتارى دەستدرێژى و گێچەڵى سێکسین، بە شێوەیەک لە پێنج ساڵدا لانیکەم 20 هەزار سکاڵا تۆمار کراوە و لێکۆڵەرانیش بە ئابڕوچوون، وێناى دەکەن.

بە پێی لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشی ماڵپەڕی سکای نیوز و ئێندیپێندتی بەریتانی، دەرکەوتووە کە چەندین نەخۆشی دەروونی لە ژێرچاودێری خزمەتگوزاری تەندروستی گشتی لە بەریتانیا، دەستدرێژیی سێکسیان بەرامبەر کراوە.

لێکۆڵینەوەکە ئاشکراى کردووە، لە ساڵی 2019ـەوە نزیکەی 20 هەزار سکاڵای تایبەت بە دەستدرێژی سێکسی لەلایەن کارمەندان و نەخۆشانى دەرونى  لە 30 دامەزراوەی تەندروستی دەروونی بەریتانیا، تۆمارکراوە.

بە قسەى لێکۆڵەران، جگە لەم رێژەى زۆرەى سکاڵا، ژمارەیەکى زۆرى سکاڵاى دیکەش بەدەست پۆلیس نەگەیشتووە، ئەمەشیان بە ئابڕووچونێکى گەورە ناوربردووە، کە ناتوانن نەخۆشانى دەروونی لە دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی بپارێزن.

لێکۆڵینەوە لەم بابەتە 18 مانگی خایاند، بەشێکی زۆریش لەو کەسانە و خێزانەکانیان کە تووشی ئەم  گێچەڵە بوون، چیرۆکی خۆیان گێڕاوەتەوە.

ئەستێرەیەکى پێشوى مەلەوانى بەریتانیا، یەکێک بوو لە قوربانیان و دەڵێت: من دووجار تووشی ئەم رووداوە بووم، یەکەمیان زۆریان لێکردم لە ژووری پیاوان بخەوم، دووەمجار بەهەمان شێوە زۆریان لێکردم لە ژوورێکی تێکەڵ بخەوم.

روت ستیفانی توتی 28 ساڵان، یەکێکە لە قوربانیانى دیکەى دەستدرێژى سێکسى، ئەو دەڵێت: من بە گەنجی تووشی دەستدرێژیی سێکسی بووم، داوای هاوکاریم لە خزمەتگوزاری تەندروستیی دەروونی کرد لە لەندەن، کەچی لە بری چارەسەر بۆ ماوەی 5 مانگ لەلایەن کارمەندێکەوە دەستدرێژیم کرایە سەر.

ویس ستریتینگ، وەزیری تەندروستی لە حکومەتی سێبەر رایگەیاند، ئەمە ئەنجامێکە، کە پێویستە حکومەت بە ئاگا بێنێتەوە، لە بەرامبەردا دەستەی خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتمانی (NHS) رایگەیاندووە: ئێمە گشت رێکارە تەندروستییەکان دەگرینەبەر بۆ پاراستی نەخۆشانی دەروونی و کارمەندان.

مامۆستایەک

مامۆستایەک "دەستدرێژی سێکسی" کردووەتە سەر ژمارەیەک قوتابی