دیمەنى خانووێک لە گوندی گەڵاڵە دوای لێدانی بە درۆن - فۆتۆ: دانیشتویەکى گوندى گەڵاڵە
بە فڕۆکەى جەنگى
خانووى هاوڵاتییەکى گوندى گەڵاڵە خاپوور کرا
وریا فەتاح
بەرەبەیانى ئەمڕۆ، لە رێگەى فڕۆکەى جەنگییەوە، خانووى هاوڵاتییەکى گوندى گەڵاڵەى قەزاى ماوەت بۆردومان کرا.
کامەران حەسەن، قایمقامى قەزاى ماوەت بە 964ى وت،”کاتژمێر 1:00ى بەرەبەیانى ئەمڕۆ، لە رێگەى فڕۆکەى جەنگییەوە، خانووى هاوڵاتییەکى گوندى گەڵاڵە بۆردومانکرا و بە تەواوى خاپورکرا”.
بە وتەى قایمقامى ماوەت، لە رووداوەکەدا هیچ زیانێکى گیانى نەبووە، چونکە شەوى رابردوو خێزانەکە لە سلێمانى بوون و بە رێککەوت رزگاریان بووە و لە ماڵەوە نەبوون.
“خانووەکە لە سنوورى گوندى گەڵاڵەیە و چەند سەد مەترێک لە خوار گوندەکەوەیە و ماڵى هاوڵاتییەکە بەناوى ساڵح رەسوڵ، کە هاوڵاتییەکى گوندەکەیە و بە شایەدى خەڵکى گوندەکەش ئەو کەسە هاوڵاتییەکى مەدەنى و بێ کێشەى دانیشتوى گەڵاڵەیە”، قایمقامى ماوەت واى بە 964 وت.
قایمقامى ماوەت وتیشى،”هەرچەندە لە بۆردومانەکەدا زیانى گیانى نەبووە، بەڵام خانووەکە بە تەواوى خاپوور بووە و کەلوپەلەکانى ناو ماڵەکەش لەناوچوون”.
لاى خۆیەوە، کامەران مەلا عوسمان، ئەندامى تیمى کوردستانى رێکخراوى (CPT)، بە 964ى وت،”بۆردومانەکە لە رێگەى فڕۆکەى جەنگییەوە ئەنجامدراوە و ئەو ماڵەشى کە خاپورکراوە کەوتووەتە باسکى قەلێکى گوندى گەڵاڵە”.
ئەوەش لە کاتێکدایە، شەوى رابردوو، دەنگى فڕۆکەى جەنگى بە بەردەوامى لە سنورى قەزاى پشدەر و شارباژێر و باڵەکایەتى بیستراوە.