لە پردێ

بە فڕۆکەی F16 شەش جار بۆردومانی حەشارگەکانی داعش کرا

964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F16ـی عێراقی، شەش جار بۆردومانی حەشارگەی چەکدارانی داعشیان لە سنووری ناحیەی پردێ کرد و سەرجەم چەکدارەکانی ناو حەشارگەکان کوژراون.

لە ئێستادا هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان و دژەتیرۆری عێراق بە هاوکاری تیمێکی پێنج کەسیی لە راوێژکارانی لۆجستیی سەربازیی فەرەنسا، دەستیان بە کێوماڵکردنی ناوچەکە کردووە، بەتایبەت لە سنووری گوندەکانی حاویە دەرماناو، چیاچەرمۆک و قەرەسالم.

سەرچاوەیەکی سەربازیی تایبەت بە 964ـی وت، “ماوەی 12 رۆژە هێزەکانی کوردستان بە هاوکاری تیمە فەرەنسییەکە چاودێری چەکدارێکی داعش دەکەن، بەیانی ئەمڕۆ شەممە ئەو چەکدارە سەردانی ژمارەیەک چەکداری دیکەی داعشی کردووە لە سنووری نێوان گوندەکانی چیاچەرمۆک و حاویە دەرماناو و قەرەسالم، هەر لەوێش لەلایەن نیشانەشکێنێکەوە بە قەناس کوژراوە و دواتر تەرمەکەی رەوانەی بنکەی پۆلیسی پردێ کراوە”.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد، جموجۆڵی ئەو چەکدارە بووە هۆی ئاشکرابوونی دوو حەشارگەی داعش لەناو شاخ و ئەشکەوتەکانی ئەو گوندانەدا.

ئەوەش وای کرد ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆکە عێراقییەکان شەش جار بۆردومانی ناوچەکە بکەن، بە پێی زانیارییەکان سەرجەم ئەو چەکدارانەی لەناو ئەشکەوتەکاندا بوون، کوژراون و کێوماڵی هێزە هاوبەشەکانیش لە ناوچەکە بەردەوامە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح