شوقەکانی سیتەک لە بێکەسیدا بوون بە کەلاوە
یانزە ساڵە تەواوکراون و کەسیان تیادا ناژی
میدیازان – دیلان محەمەد – سلێمانی
یانزە ساڵە زیاتر لە سێ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە ناحیەی سیتەکی پارێزگای سلێمانی تەواوبوون، بەڵام تاوەکو ئێستا رادەستی هاوڵاتیان نەکراون، بەو هۆیەوە خەریکە دەبن بە کەلاوە.
ئەو پرۆژەیە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا خزمەتگوزاری ئاو و ئاوەڕۆ، کارەبا، قوتابخانە، نەخۆشخانە و رێگاوبانی بۆ دابین نەکراوە.
ئەو یەکانە بەسەر سێ شوێندا دابەشبوون لە سیتەک و دەوروبەری، هەزار و 600یان لە کەڵەوانن، 903یان لە زڕگوێزن و 597یان دەکەونە ناوەندی سیتەک.
لەوبارەیەوە، بەرھەم قەرەداغی، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان بۆ میدیازانی باسکرد، بەڵێنیان وەرگرتووە، لە داهاتوویەکی نزیکدا سەرجەم خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەو یەکانە دابین بکرێت.
ئەو یەکانە لە ساڵی 2011 تەواو بوون، پێشتر کرێنشینان فۆرمیان پڕکردبووەوە بۆ ئەوەی وەریان بگرن و دواتر بە قیستی 25 ساڵ تێچووەکەی بدەنەوە بە حکومەت.
لەبارەی داهاتووی پرۆژەکەوە، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان دەڵێت، دوای جێبەجێکردنی خزمەتگوزارییەکان “دەبێت دووبارە فۆرم دابەشبکرێتەوە و کرێنشینان پڕیبکەنەوە”.
میدیازانن دەزانێت بەشێک لەو یەکانەی دەکەونە زڕگوێز، داڕووخاون و نزیکەیی بوونەتە کەلاوە، پێویستیان بە دووبارە نۆژەنکردنەوە هەیە.
سەبارەت بەوەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی چیکردووە بۆ جێبەجێکردنی خزمەتگوزارییەکان، خەدیجە عەبدولجەبار، بڕیاردەری لیژنەی شارەوانی ئەنجومەنەکە قسەی بۆ میدیازان کرد، ئەو گەشبین نەبوو.
“زۆر هەوڵماندا و راپۆرتمان بەرزکردەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، چەند سولفەیەکی بچوکی بۆ خەرجکرا، بەڵام وەک خۆی ماوەتەوە و ھیچی بۆ نەکراوە و بۆ ژیانکردن نابێت”، خەدیجە عەبدولجەبار وای وت.