لە دەستدرێژی سێکسییەوە بۆ هاوسەرگیری نهێنی لەگەڵ ژنە کرێکارە بیانییەکان

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن -هه‌ولێر

کرێکارە بیانییەکان لە کوردستان دەستدرێژییان دەکرێتەسەر، وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتیش خۆی لێیان بێبەری دەکات و دەڵێ: پەیوەندییان بە ئێمەوە نییە.

ئەگەرچی بە دروستی نازانرێت ژمارەی کرێکارە بیانییەکان لە کوردستان چەندن، بەڵام رێکخراوی رۆشنبیری و داکۆکیکردن لە کرێکارانی بیانی دەڵێ: ئەوان ژمارەیان 37 هەزار کەسە.

لە دیارترین کێشەکانی کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان، کێشەی نشينگە یان ئیقامەیە، بەشێکی زۆر لەو کرێکارانە نشينگەیان بەسەرچووە، نوێیان نەکردۆتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو تێچووە زۆرەی کە دەبێت باج بدەن.

سەرۆکی رێکخراوی رۆشنبیری و داکۆکیکردن لە کرێکارانی بیانی دەڵێ: ئەمە دەرگای هەموو جۆرە دەستدرێژییەکی بەڕووی کرێکارانی بیانی کردۆتەوە، بە دەستدرێژی سێکسیش.

محه‌مه‌د‌ هه‌ژار مه‌حمود، سه‌رۆكى رێکخراوی رۆشنبیری و داکۆکیکردن لە کرێکارانی بیانی، به‌ +964 وت “كه‌یسی ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ریان و گێچەڵ پێكردنیان هه‌بووه‌، به‌ڵام ئه‌و كه‌یسانه‌ هی ساڵانى رابردوون، ئه‌ویش شه‌ش بۆ حه‌وت دانه‌ كه‌یسن”.

سه‌باره‌ت به‌م كه‌یسانه‌، ئاریان ئه‌حمه‌د مسته‌فا وته‌بێژى وه‌زاره‌تى كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تى، وه‌زاره‌ته‌كه‌ى به‌دوور گرت كه‌ په‌یوه‌ندی به‌وانه‌وه‌ هه‌بێت، به‌ڵكو وتى “وه‌زاره‌تى ناوخۆ لایه‌نى په‌یوه‌نداره‌، چونكه‌ لاى ئه‌وان تۆماركراون”.

ئاریان روونیكرده‌وه‌، هه‌ر كرێكارێك له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌سته‌به‌ر بێ و له‌ كۆمپانیا بێ،‌ په‌یوه‌ندی به‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ى ئه‌وانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام وتیشی “له‌ بنكه‌كانى تووندوتیژی و شه‌ڵته‌ره‌كان، چه‌ندین حاڵه‌تى ئه‌و كچه‌‌ كرێكاره‌ بیانیانه‌مان هه‌ن، به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ى كه‌ رووبه‌ڕووی تووندوتیژی ده‌بنه‌وه‌و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان په‌یدا ده‌بێت”.

به‌پێی ئامارى ئه‌و رێكخراوه‌، له‌ساڵى رابردوو 13 كه‌س له‌و كرێكاره‌ بیانیانه‌ مردوون، هه‌یانه‌ لێره‌ به‌خاك سپێردراوه‌، ئه‌وانه‌ى پێشتریش به‌ كۆڕۆنا ده‌مردن وڵاته‌كانیان وه‌ریان نه‌ده‌گرتنه‌وه‌.

له‌ناو ئه‌و كرێكارانه‌ حاڵه‌تى به‌ندكردنیشیان هه‌یه‌، وه‌ك سه‌رۆكى ئه‌و رێكخراوه‌ ده‌ڵێ “ژماره‌یه‌كی زۆریان به‌هۆى نه‌بوون و به‌سه‌رچوونى ئیقامه‌وه‌ به‌ندكراون، هه‌شیانه‌‌ كرێكاره‌كه‌ له‌ خاوه‌ن ماڵى داوه‌ یان له‌سه‌ر دزیكردن به‌ندكراون”.

ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، چه‌ندین حاڵه‌تى ماره‌كردنى كچه‌ بیانییه‌كان له‌لایه‌ن گه‌نجى كورده‌وه‌ هه‌بووه‌، به‌ڵام زۆربه‌ى ئه‌و حاڵه‌تانه‌ وه‌ك هاوسه‌رگیرییه‌كی شاراوه‌ ماوه‌ته‌وه‌.