مۆلیدەی ئەهلی
لە هەولێر وەکخۆى بەردەوام دەبێت
لە دەربەندیخان گۆڕانکارى لە خشتەى پێدانى کارەباى مۆلیدە روودەدات
964+
وریا فەتاح
بەهۆکارى تێکچوونى سیستەمى کارەباى هەرێمى کوردستان، گۆڕانکارى لە خشتەى پێدانى مۆلیدەکانى سنورى دەربەندیخان روودەدات و لە هەولێریش وەکخۆى بەردەوام دەبێت.
بەپێى ئاگادارییەکى لیژنەى سوتەمەنى و مۆلیدە ئەهلییەکان لە قەزای دەربەندیخان، بەهۆکاری تێکچوونی سیستەمی کارەبای هەرێمی کوردستان و ئەو باردۆخەی لەئێستادا بەسەر کارەبای نیشتمانی هاتووە، لەمڕۆوە گۆڕانکارى لە خشتەى پێدانى کارەباى مۆلیدە ئەهلییەکان روودەدات.
داوا لە خاوەنى مۆلیدە ئەهلییەکان کراوە، پێویستە رۆژانە لە کاتژمێر 11:30 خولەکى بەیانى تا 1:30 خولەکى دوا نیوەڕۆ مۆلیدەکان کاربکەن، لە کاتژمێر 1:30 خولەک مۆلیدەکان بکوژێننەوە تا کاتژمێر پێنج و دواتر تا کاتژمێر 1:00ى شەو، لە ئەگەرى نەبونى کارەباى نیشتمانى، مۆلیدەکان کار پێبکەن.
ئاگاداری تەواو مۆلیدەکانی سنوری شاری دەربەندیخان دەکەین لەئەمرۆە بەرواری ٢٠٢٤/١/٢٦ کارەبای مۆلیدە رۆژانە بەم سیستمە کاری پێ دەکرێت تاکو سیستمەی کارەبا چاک ئەبێتەوە .
لیژنەى سوتەمەنى و مۆلیدە ئەهلییەکان لە قەزای دەربەندیخان جەختیش دەکاتەوە، پێویستە مۆلیدە ئەهلییەکان لەمڕۆوە بەم سیستەمە کاربکەن، تا سیستمى کارەباى نیشتمانى دەگەڕێتەوە دۆخى ئاسایى خۆى.
لە هەولێریش هیچ گۆڕانکارییەک لە خشتەى پێدانى کارەباى مۆلیدە ئەهلییەکان روونادات و قارەمان مەولود، لێپرسراوی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە 964ى وت،”وەکخۆمان بەردەوام دەبین و گۆڕانکارى روونادات”.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەهۆى هێرشە درۆنییەکەى شەوى رابردووى سەر کێڵگەى کۆرمۆر، پێدانى کارەباى نیشتمانى کەمبووەوە و وەزارەتى کارەبا ئاشکراى کردووە، بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی 2800 مێگاوات کارەبا وەستاوە.