ئەوەى کەس چاوەڕێى نەبوو روویدا

کڵۆپ لیڤەرپوڵ جێدەهێڵێت

964+

وریا فەتاح

هاوشێوەى جێهێشتنى بروسیا دۆرتمۆند، جارێکى دیکە کڵۆپ هەمووانى توشى شۆک کرد، ئەوەش دواى ئەوەى ئاشکرایکرد کە کۆتایى وەرز، لیڤەرپوڵ جێدەهێڵێت.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵى یانەکەى، یۆرگن کڵۆپى راهێنەرى لیڤەرپوڵ، بڕیارى وازهێنانى لە ئەرکى راهێنەرایەتى سورپۆشەکانى لیڤەرپوڵ راگەیاند.

“لە کۆتایی ئەم وەرزەدا یانەکە جێدەهێڵم، دەتوانم لەوە تێبگەم کە ئەوە شۆکێکە بۆ زۆر کەس لەم ساتەدا، کاتێک بۆ یەکەمجار دەیبیستیت، بەڵام دیارە دەتوانم روونی بکەمەوە یان لانیکەم هەوڵبدەم روونی بکەمەوە” کلۆپ، بەم قسەیە قسەکانى دەستپێکرد.

راهێنەرە ئەڵمانییەکەى لیڤەرپوڵ وتیشى،”من بە تەواوەتی هەموو شتێکم لەم یانەیە خۆشدەوێت، هەموو شتێکی شارەکەم خۆشدەوێت، هەموو شتێکم خۆشدەوێت لەبارەی هاندەرەکانمانەوە، تیپەکەم خۆشدەوێت، ستافەکەشم خۆشدەوێت، هەموو شتێکم خۆشدەوێت، بەڵام بڕیارەکەم لە قەناعەتەکەمەوە سەرچاوەى گرتووە و وزەم لەگەڵ لیڤەرپووڵ تەواو بووە”.

لە ساڵى 2015ـەوە، پیاوە ئەڵمانییەکە راهێنەرایەتى لیڤەرپوڵ دەکات و توانى تیپەکە بگەڕێنێتەوە سەر تەختى شانۆى رکابەرییەکانى گەورەکانى ئەوروپا و توانى لەپاڵ بردنەوەى چامپۆنسلیگ، پریمەرلیگ و جامی یەکێتی ئینگلتەرا و جامی ئی ئێف ئێل، جامی جیهانی یانەکان و جامی سوپەری ئەوروپا، بەدەست بهێنێت.