کەریم کابان وەسیەتەکەی هەموان

964+

ژووری هەواڵ

ساڵی (١٩٢٧) ە لە یەکێک لە سەربانەکانی گەڕەکی مەڵکەندی جەلال ناوێک هەواڵی لەدایکبوونی منداڵێکی پێدەگات
کەریم کابان ئەو منداڵەیە کە هەر چاو دەکاتەوە جیاواز لە دەفەکەی باوکی ئارام ئارام بزەی دەکات

باوکی کەریم دەفژەنێکی لێزان و دەنگخۆشێکی دیار بوو بەردەوام لەبۆنەی مەولووددا دەفی لێدەدا و سروودی ئایینی دەچڕی

باوکی حەز دەکات کەریم ببێتە مەلا و دەینێرێتە حوجرە و بۆئەوەی لەوێ فێری خوێندن بێت

دواتر دەچێتە قوتابخانە و بەهۆی دەنگخۆشیەکەی دەبێتە ئەندام لە تیپی سروودی قوتابخانە

ئەمە دەبێتە سەرەتای دەرکەوتنی بەهرەکانی لە ناو جیهانی هونەری کوردیدا

بەهۆی هەژاری و هاتنی جەنگی جیهانی لە قوتابخانە دێتە دەرەوە
لەساڵی چلەکان ئینگلیزەکان بڕیاردەدەن ئێستگەی دەنگی لە بەردەرکی سەرای سلێمانی بکەنەوە و هەواڵەکان لەوێ لەرێگای موکەبەرەکانەوە بەناو سلێمانی بڵاوبکەنەوە
ئەویش ئەوە بە هەل دەزانێت و یەکەم گۆرانی خۆی لەوێ بەناو سلێمانیدا بڵاودەکاتەوە

شێرکۆ بێکەس دەربارەی کەریم کابان دەڵێت
خۆ هەموو گەرووەکان زێڕ نین و
هەموو هەناسەکان نابن بەکزەبا و شەماڵ
هەموو چریکەکان لە لوتکەیەکدا باڵ ناگرن
خۆ هەموو دەنگەکانیش دەنگی کەریم کابان نیین

دواتر لە ساڵی ١٩٤٥ روو لە بەغدا دەکات و لەوێ دەبێتە یەکەمین بەرێوەبەری بەشی کوردی لەرادیۆی بەغدا

ساڵی ١٩٧٤ بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک روو لەشاخ دەکات و دەبێتە پێشمەرگە، هەر لە شاخ دوو بەرهەم بڵاو دەکاتەوە بەناوەکانی یاران وەسیەتم و شەو کە زۆررترین دەنگدانەوەی دەبێت

کەریم کابان سەرەڕای ئەوەی میوزیکی نەخوێندبوو بەڵام زۆر وەستا بوو لە دانانی ئاواز بۆ گۆرانی، بەشێکی زۆری گۆرانیەکانی خۆی لەئاوازەکانی خۆیین و هەروەها ئاوازی بۆ زۆرێک لە هونەرمەندان داناوە کەدیارترینیان جادە چۆڵ و سێبەربووی قادر کابانی برای بوو

لەکۆتاییەکانی تەمەنی دەیویست گۆرانی خەزان تۆمار بکات
بەڵام تەمەنی پڕ ئەسرینی رێگای پێنادات تۆماری بکات

١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١٦ لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا و دوای زیاتر لە ٧٠ ساڵ خزمەتکردن بە ھونەر و گۆرانی و مۆسیقای کوردی، لەسلێمانی کۆچی دوایی دەکات و لەگردی سەیوان دەنێژرێت

خۆزگە منیش وەک پەپوولە گشت تەمەنم وەرزێک بوایە
دوور لە خەم و تاڵی ژیان تەنیا گوڵم بناسیایە