سەرچاوەیەک بۆ 964

“زیان بە بۆری غازی کۆرمۆر نەکەوتووە”

964+

فەهمی نەبی

دوای ئەوەی دوێنێ شەو بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، سەرچاوەیەک لە کێڵگەکە بە 964ی راگەیاند، هیچ زیانێک بە بۆری غازەکە نەکەوتووە، ئەو درۆنە بەر خەزانێکی نەفتا کەوتووە، تەنیا لە پێناو سەلامەتی کێڵگەکە غازەکە گیراوەتەوە.

کاتژمێر 10:22ی دوێنێ شەو بە درۆنێک هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناحیەی قادر کەرەم و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی 2800 مێگاوات کارەبا وەستا، لە وێستگەی کارەبای غازی هەولێر بۆئەوەی مەحەتەکان دووچاری Total Shut Down نەبن بەپەلە یەک بەدوای یەک وەحدەکانیان کوژاندوەتەوە.

ئەمڕۆ هەینی سەرچاوەیەک لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر بۆ 964 قسەی کرد وتی، دوای ئەوەی خەزانێکی نەفتا بەهۆی درۆنەوە ئاگری گرت، لەبەر ئەوەی ئاگرەکە لە بۆری بەرهەمهێنانی غاز نزیک بوو، لەپێناو سەلامەتی بۆری غازەکە و بەرهەمهێنانی غاز، لاینی سەرکی کوژێنرایەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەش دەڵێت، کاتژمێر 4:10ی بەرەبەیان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکرا، ئێستا چەندین تیم سەرقاڵی ئەوەن بڕیار بدرێت دووبارە دەست بە هەناردەکردنی غازەکە بکرێتەوە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.

سەرچاوەیەک لە وێستگەی غازی کارەبای هەولێر بە 964ی راگەیاند، چاوەڕێی دووبارە ناردنەوەی ئەو غازەن کە لە کۆرمۆرەوە بەرەو وێستگەی کارەبای غازی هەولێر، دێت، هێشتا هیچ بڕیارێک نی.

ئەوەش دەڵێت، ئەو کارەبا نیشتیمانییەی لە دوێنێ شەوەوە کە رێژەیەکی کەمی بە هاوڵاتیان دراوە، سەرچاوەکەی لە وێستگەی خەبات و چەمچەماڵەوەیە.

نیوەڕؤی ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، تیمەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەگەڵ كۆمپانیای دانە غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر سەرقاڵی چارەسەركردنی دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنانی غازن.

تیمەکان سەرقاڵی بەرهەمهێنانەوەی غازن لە کۆرمۆر

تیمەکان سەرقاڵی بەرهەمهێنانەوەی غازن لە کۆرمۆر

دوێنێ شەو چی روویدا لە کۆرمۆر؟

دوێنێ شەو چی روویدا لە کۆرمۆر؟