خۆراک لە نەخۆشخانەکانی گەرمیان نەماوە

964+

توانا نەقی – هەولێر

نزیکەی چوار مانگە خۆراک بۆ نەخۆشخانەکانی گەرمیان دابین نەکراوە، پێویستە کارمەندانی ئیشکگر و نەخۆشەکان خۆیان خواردن بۆ خۆیان بهێنن.

بەناز جەلیل، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شێرەی نەقیب بە 964+ی وت “پێشووتر لەلایەن چەند کۆمپانیایەک کە گرێبەستیان هەبووە لەگەڵ حکومەت، خۆراکی بۆ کارمەندانی ئیشکگر و نەخۆشەکان ئامادەدەکرد”.

ئێستا لەبەرئەوەی چەند مانگێکە شایستە داراییەکانی ئەو کۆمپانیانە خەرج نەکراوە، ئەوانیش ئامادەنین خۆراک ئامادە بکەن بۆ کارمەند و نەخۆش.  

964+ دەزانێت، ئەو کۆمپانیانە گرێبەستی ساڵێکیان کردووە و دەبێت مانگانە شایستە داراییەکانیان وەربگرن، بەڵام وتوویانە بۆیان دەریناهێنێت و گرێبەستەکەیان هەڵوەشاندوەتەوە.

بەناز جەلیل، ئاماژەی بەوەشکرد نەمانی خۆراک لە نەخۆشخانەکان کاریگەری خراپی دروستکردووە، چونکە هەم ئەو نەخۆشانەی کە دەمێننەوە لە نەخۆشخانە، هەم کارمەندەکان کە زۆر کاتیان لێدەگرێت دەبێت خۆیان خۆراک بۆ خۆیان ئامادە بکەن و بیهێنن.

حارس محەمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی کەلار بە 964+ـی وت، ئەو کۆمپانیايانە خۆیان رۆشتوون بەڵێ نزیکەی چوار مانگە نەخۆشخانەکان بێ خۆراکن، هەوڵدەدەین لە مانگی شوبات گرێبەستی تازە بکەین و خواردن بۆ نەخۆشخانەکان بگەڕێنینەوە.

964+ پەیوەندی بە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیانەوە کرد لەسەر ئەو کێشەیەی ئەو کۆمپانیانە بەڵام وەڵامی نەدایەوە.