هەولێر لە پلەی هەشتەمە
لە گووگڵ سکۆلەردا زانکۆی سلێمانی یەکەمی هەرێمە
964+
ئەحمەد مستەفا
زانکۆی سلێمانی، یەکەم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و چوارەم لەسەر ئاستی عێراق لە ڕیزبەندیی “وێبۆمێتریکس” بۆ ئەمساڵ بەدەستهێنا، کە پشتی بەو توێژینەوانە بەستووە مامۆستاکانی ئەنجامیان داوە.
هەروەها، زانکۆی هەولێر پلەی هەشتەم و زانکۆی دهۆک پلەی 11 یەمی بەدەستهێناوە.
رانکینی وێبۆمێتریکس، بە پشتبەستن بە ژمارەی وەرگێڕانی توێژینەوەی توێژەران لە گووگڵ سکۆلەردا، ریزبەندی بۆ زانکۆکانی جیهان دەکات، ئەمساڵ زانکۆی سلێمانی پلەی چوارەمی لەنێو زانکۆکانی عێراق بەدەستهێنا.
زانکۆی سلێمانی دوو هەزار و 114 مامۆستای هەیە، یوهان عوسمان بەڕێوەبەری راگەیاندن بە 964ی وت، لە رێگەی کاری هاوبەش و پابەندبوون بە پێشکەوتنی بەردەوامەوە، ئامانجمانە ناوبانگی زانکۆی سلێمانی لە ئاستێکی نێودەوڵەتیدا بناسێنین و پێگەکەشی لەنێوان دامەزراوە پێشەنگەکانی خوێندنی باڵای جیهاندا بەرز بکەینەوە.
بە قسەی ئەوبێت، ئەو پلەیە بۆ هەوڵی مامۆستاکانیان دەگەڕێتەوە و ئەوەشی وت، دەیانەوێت کوالیتیی وانەوتنەوە و کاریگەریی توێژینەوە و کارکردنی زانکۆی سلێمانی، لەگەڵ کۆمەڵگە پیشان بدەن بۆ دەرخستنی رۆڵی گرنگی زانکۆ و ئەو خزمەتە زۆرەی بە زانست و زانین لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا دەیکات.