بەشێک لە یەکەکانی نیشتەجێبوونی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە سیتەک - وێنە: 964+
20 هەزار یەکەن
یەکەکانی کرێنشینان چاوەڕێی پارەی حکومەتن
964+
پێشەوا محەمەد
20 هەزار یەکەکەی کرێنشینان چاوەڕێی پارەی حکومەتن و کارەکانیان وەستێندراون، چونکە دواجار حکومەت بڕیاری دا خۆی پارە بۆ پڕۆژەکە تەرخان بکات.
لە مانگی پێنجی ساڵی 2022ـدا حکومەتی هەرێم دروستکردنی 20 هەزار یەکەی بۆ کرێنشینانی هەرێم راگەیاند و لە ماوەی زیاتر لە مانگێکیشدا نزیکەی 120 هەزار فۆڕم لە لایەن خێزانەکانەوە پڕکرانەوە.
جگەرخوێن تاهیر، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی زاخۆ بە 964ـی راگەیاند، پێشتر بڕیار بوو بۆ هەر مەترێکی ئەو شوقانە 330 دۆلار لەسەر کرێنشینان هەژمار بکرێت، بەڵام ئەو پارەیە زۆر بووە و رەتکراوەتەوە.
وتیشی، “بۆ هەرزانکردن و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر کرێنشینان، سەرۆکی حکومەت بڕیاری دا حکومەت پارەی 20 یەکەکە دابین بکات، ئێستا پڕۆسەکە لە چاوەڕوانی دابینکردنی پارەدایە لە لایەن حکومەتەوە بۆ دەستپێکردنی”.
جگە لەو یەکانە، کە دەستەی وەبەرهێنان سەرپەرشتیی جێبەجێکردنیان دەکات، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمیش نۆ هەزار و چوار یەکەی هەیە و ئێستا لە قۆناغی پڕکردنەوەی فۆڕمدایە بۆ دابەشکردن.
“ئەو 20 هەزار یەکەیە بەسەر سەرجەم هەرێمی کوردستاندا دابەش دەبێت و لە زۆرینەی پارێزگا و قەزاکانیشدا زەوی تەرخان کراوە”، ئەوەش قسەی جگەرخوێن تاهیرە.