دوای دوو کاتژمێر کۆبوونەوە

رەئیسی و ئەردۆگان لەسەر چەند دۆسیەیەکی ئەمنی و ئابوری رێککەوتن

964+

فەهمی نەبی

ئێوارەی ئەمڕۆ تورکیا و ئێران لەرێگەی سەرۆکی وڵاتەکانیانەوە چەند خاڵێکی پەسندکراوی رێککەوتنی نێوان هەردوو وڵاتیان ئاشکرا کردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران چووەتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، دوای کۆبوونەوە دوو کاتژمێرەکەی نێوانیان ئێوارەی ئەمڕۆ لە پرێس کۆنفراسێکدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان دەرکەوت و چەند خاڵێکی وەک رێکەوتنی نێوان هەردوو وڵات راگەیاند، زۆربەری خاڵەکانی رێکەوتنی نێوانیان دۆسیەی ئەمنی و ئابوری بووە.

ئیبراهیم رەئیسی باسی ئەو دۆسیانەی کرد کە رێکەوتنی لەبارەوە کراوە، لە هەنگاوی یەکەمدا 30 ملیار دۆلار وەک ئامانج بۆ بازرگانی نێوان هەردوو وڵات دیاریکراوە، هاوکات دۆسیەی نەوت و گاز، گواستنەوە و گەیاندن و رێگا و بان و بواری فەرهەنگی ئەو دۆسیانە بوون کە رێککەوتنیان لەبارەوە کراوە.

بەوتەی سەرۆکی ئێران، “هەردوو وڵات، سەبارەت بەشەڕی دژی تیرۆر بڕیاری گرنگیان داوە و پابەندی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە”، هاوکات بابەتی مادە هۆشبەرەکان و تاوانە رێکخراوەکان بەشێکی دیکەی رێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات بووە.

بەشێکی گفتوگۆی سەرۆکی ئەم دوو وڵاتە باسی هێرشەکانی ئیسرائیل بووە و بەیەکەوە رەخنەیان لە هێرشەکان گرتووە.

ئەم سەردانە فەرمیەی کە لەسەر بانگهێشتی بەڕێز ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کراوە، دوو جار دواکەوت.