كورد و سوننه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن

حزبوڵای عێراق بێبه‌ریی خۆی له‌ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌واڵگریی عێراق راگه‌یاند

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

كه‌تیبه‌كانی حزبوڵای عێراق، كە بەشێكن لەو هێزانه‌ی پێیان ده‌وترێت “مقاوەمەی عێراقی”، خۆیان له‌ ئه‌نجامدانی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر باره‌گای ده‌زگای هه‌واڵگریی عێراق لە 21ی ئەم مانگە بێبه‌ریی كرد و ئه‌فسه‌رێكی ده‌زگاكه‌یان به‌ ئه‌نجامدانی هێرشه‌كه‌ تۆمه‌تبار كرد، داواش ده‌كه‌ن لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ئه‌فسه‌ره‌ كورد و سوننه‌كانی ناو ده‌زگاكه‌ بكرێت.

حزبوڵای عێراق، كه‌ گرووپی چه‌كداری شیعه‌ن و له‌ ئێرانه‌وه‌ نزیكن، شه‌وی رابردوو راگه‌یاندراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌ و دەڵێن، ئەوان ئەو هێرشەیان ئەنجام نەداوە كە كرایە سەر بارەگای دەزگای هەواڵگریی عێراق، هاوكات ئەفسەرێكی كورد تۆمەتبار دەكەن بەوەی كارەكەی كردووە و پەیوەندی بە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل “مۆساد”ـەوە هەیە.

حزبوڵا دەڵێن: 70%ی ئەفسەرانی هەواڵگریی عێراق كە لە (سوننەن) پەیوەندییان بە هەواڵگریی وڵاتانی ئەمریكا، ئوردن و ئیمارات هەیە، هەروەها دەڵێن لە 2003ـەوە هیچ نێردەیەكی دیپلۆماسییان نەكردووەتە ئامانج.

ئەو گرووپە میلیشیاییەی عێراق لە راگەیاندراوەكەدا دەڵێن، “هێرشەكەی سەر بارەگای هەواڵگری لە بەغدا لەلایەن ئەفسەرێكی (ناپاک) ئەنجامدراوە و مەبەستیشی ناشیرنكردنی بەرەی مقاوەمە بووە.

لەوەش زیاتر ئەو گرووپە داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی دەكەن، كە تیمێكی ئەوان بەشداریی لە لێكۆڵینەوەكان بكەن، بۆ ئەوەی بە قسەی خۆیان “بگەنە ئەنجامی ئەو پیلانگێڕییەی كە دژی وڵات لە ئارادایە”.

رۆژی 21ی ئەم مانگە بە درۆن هێرش كرایەسەر بارەگای دەزگای هەواڵگریی عێراق لە بەغدا و لە ئەنجامدا ئەفسەرێكی كوردی خەڵكی شاری كەركوک كوژرا.